سەدان نووسەر و سینەماکارنیش پشتیوانی لە ئەکادیمیسیەنەکان دەکەن

زیاتر لە پێنجسەد نووسەر و ئەدیبی کورد و تورک، لە لێدوانێکدا کە داویانە بە چاپەمەنی، پشتیوانی لە بانگەوازەکەی ئەکادیمیسیەنانی تورکیا و جیهان دەکەن. هاوکات وەشانخانەکانی کوردستان و تورکیا و سینەماکارانیش لە لێدوانی جیا جیادا پشتیوانیی خۆیان راگەیاندووە.

لە لێدوانێکدا کە ٥٥٨ ئەدیب و نووسەری کورد و تورک واژۆیان کردووە و لە میدیاکانی تورکیادا بلاو کراوەتەوە، ڕاگەیەنراوە کە “بە دڵ و قەلەمەکانمانەوە” پشتیوانی لە “دەستپێشخەریی ئەکادیمیسیەنان بۆ ئاشتی” دەکەین.

ـ قەدەغەکردنی ئازادیی ڕامان و ڕادەربڕین ڕەت دەکەینەوە، لایەنگری یەکسانی و ئاشتین، لایەنگری مافی ژیانین، لایەنگری ئازادیی ڕامانین، نابینە بەشێک لەو تاوانکارییە و لەپێناو ئاشتیدا پشتیوانی لە دەستپێشخەریی ئەکادیمیستەکان دەکەین؛ ئەدیب و نووسەران وایان نووسیوە و ڕاشی دەگەیەنن بە دڵ و قەلەمەکانیانەوە پشتیوانی لە بانگەوازەکەی ئەکادیمیسیەنەکان دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی موزاکەرەکانی ئاشتی.

ئەم هەوڵە، کە بە دروشمی “نابینە بەشێک لەو تاوانکارییە” و بە دەستپێشخەریی ژمارەیەک مامۆستای کورد و تورک لە زانکۆکانی تورکیا و باکووری کوردستان دەستی پێکردبوو، بێجگە لە نووسەر و ئەدیبان، هەروەها لەلایەن نزیک بە هەموو وەشانخانەکانیشەوە پشتیوانیی لێدەکرێ.
کەمپەینەکە لە ڕای گشتیی تورکیا و جیهاندا ڕەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی هەبووە، بەڵام لەلایەن سەرکۆمار تەیب ئەردۆغان و باقیی کاربەدەستانی حکوومەتی پارتی داد و گەشەپێدان و بەرپرسانی پارتی نەتەوە پەرستی تورکیاشەوە، وەک “خیانەت لە نیشتیمان” بەناو کراوە و تا ئەم ساتە وەختە، دەیان ئەکادیمیسیەن کە واژۆی خۆیان خستووەتە ژێر بانگەوازەکە، لەلایەن دزەگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە قۆڵبەست و ڕەوانەی گرتووخانە کراون.

هاوکات لەگەڵ لێدوانە توندەکانی سەرکۆماری تورکیا بە دژی ئەو دەستپێشخەرییە، کەس و گرووپی ناسراوی سەر بە ڕەوتی نەتەوەپەرستی تورکیا، بە توندی ئەکادیمیسیەنانیان مەحکووم کردووە و ڕایانگەیاندووە “لە خوێناوی ئێوەدا خۆمان دەشۆین.”

سەرەڕای ئەم هەڕەشەی کاربەدەستان و هەوڵی دەزگا ئەمنییەکان بۆ بێدەنگکردنی ئێلیتی ڕۆشنبیری تورکیا و باکووری کوردستان، ژمارەی توێژ و چینە پێشڕەوەکانی کۆمەڵگە بۆ پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکە پەرە دەستێنێ.

هەر لەم چوارچێوەیەدا سەدان سینەماکاری تورکیا پشتیوانیی خۆیان لە دەستپێشخەرییەکە ڕاگەیاندووە و دەڵێن “نابینە بەشێک لەم تاوانکارییە.”

لە ناوەندی نوچەو شرۆڤەی رۆژ وەرگیراوە