بە پێی ڕاپۆرتێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە و بە گوێرەی کەمپینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی ئێران ، 29 نوێنەری پارلەمانی ئوروپا بە بڵاوکردنەوەی نامەێیک داوایان لە بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران کردوە کە پێش لە هەڵبژاردنەکان زیندانیانی سیاسی و ڕێکخەرانی کاناڵە تلگرامییەکان ئازاد بکەن و هەروەها خوازیاری بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی ئازادانەو بەرانبەرن بە چاودێری چاودێرانی سەربەخۆ لە ئێرانن .
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە ، لە نامەکەدا کە ڕووی ئاماژەی بە لێپرسیاری سیاسەتی دەرەوەی ئوروپایە (فدریکا موگرینی ) خوازیارن لێی کە لە گەڵ گەورە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر ئەو بابەتە ڕاوێژ بکەن و خاترجەمیان کاتەوە کە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئوروپا و ئێران بەس بە دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادییەکانەوە لە ئێران گرێدراوە و ئەگەری سەرکەوتن بە خۆیەوە دەبینێ .
لە بەشێکی تری نامەکەدا باس لە زیاد بوونی سەرکوت و دەستبەسەرکردنەکانی چالاکانی مەدەنی و سیاسی و ڕۆژنامەوانی دەکات ، هەروەها باس لە فیلتێر و بلاک کردنی کەرەستە و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەکات لە لایەن سازمانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە و هەروەها داوا لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە کە پارێزەی مافی ڕۆژنامەوانان و چالاکانی مەدەنی بن کە بتوانن لە ئینترنت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان سودمەند بن .
لە کۆتاییدا ۲۹ نوێنەری پەرلەمانی ئورووپا جەختیان کردۆتەوە کە ئێمە لە واژۆکەرانی ئەم نامەیە ، لەگەڵ ئەندامانی پارلەمانی ئوروپا ، لە پڕۆگرامی گشتی و هاوبەش و هەروەها لە پەرەپێدانی پەیوەندی ئێران و ئوروپا پشتگیریمان کردوە و هەردەم لە گەڕان بەدوای چارەسەرێیکی دڵنیا و خاتر جەمدا دەگەڕێین کە گەمارۆکانی سەر ئێران لاببرێت و ببێتە هۆی باشتربوونی دۆخی ژیانی گەل ، و ئەو نوێنەرانە لە ئاخری نامەکەی خۆیاندا نەیانشاردۆتەوە کە باشبوونی دۆخی ژیان و مافی خەڵکی لە ئێراندا هەردەم لە پەژارەسەرەکییەکانی ئێمە بووە .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


