بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ۱٤ی بانەمەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی، کۆمەڵێک کۆڵبەر لە ناوچەی “شاپاتان”ی سەر بە شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەوتنە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزە ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و چەند کەسێکیان خەڵتانی خوێن کران.
سەرچاوەیەک ئاشکرای کرد کە بەهۆی ئەو تەقە کردنەوە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ بەنێوی “نورەدین ئیبڕاهیــمی” دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە و هەروەها ۳ کەسی دیکەش بریندار بوون کە برینی یەکیان گرانە کە هیچ زانیارییەک لەسەر نێوی بریندارەکان لەبەر دەست دانییە.
تەقە کردن لە خەڵکی سڤیل لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە هەموو جاڕنامە و کۆنوانسیونە نێودەوڵەتییەکانە کە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان بڵاو کراونەتەوە و کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێک لەوانەی واژۆ کردووە.
دەستهەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەسنوورییەکان و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەرکی خۆی لەمەڕ دابین کردنی ئاسایش و ئەمنییەت بۆ هاووڵاتی هەڵنەستاوە و تەنانەت بەبێ گوێدانە ڕێنمایی و ئاگادارکردنەوە مافی مرۆڤییەکان، لە کوشتن و دەستدرێژی کردنە سەر ماڵ و حاڵی هاووڵاتیان بێ باکە و سڵ ناکاتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان