ئێمە نابینە بەشێک لەو تاوانانە

لە باکوری کوردستان و تورکیا کەمپەینێک بۆ شەرمەزار کردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلی کوردستان راگەیاندرا

سەدان ئەکادیمیسیەنی کورد و تورک، لە کەمپەینیكدا ڕایدەگەیەنن “ئێمە نابینە بەشێک لەو تاوانانە” کە دەوڵەت بە دژی خەڵکی باکووری کوردستان ئەنجامیان دەدا و داوا دەکەن “دەوڵەت کۆتایی بە کوشتار و شاربەدەرکردنی خەڵکی کورد بێنێت”.

بە پێی هەواڵێک کە ناوەندی نوچە و شرۆڤەی رۆژ ‌(ئێن ئێن سی رۆژ) بڵاوی کردۆتەوە هاتووە کە لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا کە زیاتر لە چوارسەد ئەکادیمیسیەنی کورد و تورکی زانکۆکانی تورکیا واژۆیان کردووە، ئاماژە بە ئابڵۆقەدرانی شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کراوە و وەک “مەحکوومکردنی هاووڵاتیان بە برسیەتی و پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانیان” وەسف کراوە.

“دەوڵەت بە جۆرێکی چەک و کەرەستە هێرشی کردووەتە سەر ئەو ناوچانە کە تەنیا لە کاتی شەڕدا بەکار دەهێنرێن. لە ئەنجامیشدا مافی ژیان، ئازادی، ئەمنیەت و لە هەندێ حاڵەتیشدا مافی ئەشکەنجە نەکران و هەڵسوکەوتی خراپ لەگەل نەکردنی هاووڵاتیان، کە لە دەستوور و جاڕنامە ناونەتەوەییەکاندا پارێزراون، پێشێل کراون.”

بەگوێرەی واژۆکەرانی ئەو نامەیە “ئەم کوشتارە بەپلانە، پێشێلکردنیكی جدیی قانوونەکانی خودی تورکیا و هەموو ئەو پەیمانە ناونەتەوەییانەشە کە تورکیاش لە ناویاندایە”.

ئەو ئەکادیمیسیەنانە، کە کەسانی وەک پرۆفسۆر عەباس وەلی‌شیان لەناو دایە، داوا دەکەن “دەوڵەت دەست لە کوشتاری بە بەرنامە و شاربەدەرکردنی هاووڵاتیانی کورد و ئەوانی تری ئەو ناوچانە هەڵگرێت”.

ئەوان هەروەها، وێڕای داوای هەلگرتنی ئابڵۆقەی سەر شارەکان، خوازیاری ئەوەشن “ئەوانە سزا بدرێن کە دەستیان لە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤدا هەیە و ئەو هاووڵاتیانەش قەرەبوو بکرێنەوە کە زیانی مادی و سایکۆلۆژییان پێ گەیشتووە. بۆ ئەم مەبەستەش داوا دەکەین ڕێگە بە لیژنە و گرووپی سەربەخۆی نەتەوەیی و ناونەتەوەیی بدرێت کە لە ڕووداوەکان بکۆڵنەوە”.

ڕۆشنبیر و ئەکادیمیسیەنان هەروەها داوای ئامادەکردنی زەمینەی “دەستپێکردنەوەی دیالۆگ و نەخشەڕێیەک بەرەو ئاشتی” دەکەن، بەجۆرێک کە داواکارییەکانی بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کورد لەخۆ بگرێت و نوێنەرانی توێژ و چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەلگەش چاودێریی بەسەردا بکەن.

ئامادەیی خۆشیان دەردەبڕن بۆ بەسداریکردن لە دانوستان و چاودێریکردن بەسەر پڕۆسەکەدا.

ئەوان لە کۆتاییشدا ڕایدەگەیەنن کە نایانەوێ بە بێدەنگیی خۆیان ببنە “بەشێک لەم کوشتارە” و داوا دەکەن “هەر ئێستا کۆتایی بەو توندوتیژییە بهێنرێ کە دەوڵەت بەڕێوەی دەبات”.