“سیاسەتی برسی ڕاگرتنی هاووڵاتیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان”

“سیاسەتی برسی ڕاگرتنی هاووڵاتیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان”

بە پێی ڕاپۆرتێک کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
لە ناوەندی ئاماری ئێران وەریگرتووە و لە بابەتی هێزی کار لە زستانی ئەمساڵ دا بڵاو کرداوەتەوە، بەرزترین ڕێژەی بێکاری لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە. بەو پێیە کرماشان بە ۲٤.٤% لە پلەی دووهەم و سنە بە ۲۰.٥ لە پلەی سێهەم دایە.

ڕێژەی هەلاوسانی بێکاری، یەکێک لە پێوەرەکانی لێکدانەوەی باری ئابووری هەر وڵاتێکە و ئەو لێکۆڵینەوەیە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی پێوەرەکانی هێزی کار بە شێوەی وەرزی(۳مانگە) یانیش ساڵانە و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بەو بابەتە، لە سەرتاسەری وڵات، ناوەندی شارەکان، ئاواییەکان و هەروەها گۆڕانی ساڵانەی پارێزگاکان بەڕێوە دەچێت.

ڕێژەی بێکاری سنە لە پاییزی ئەمساڵ ۱٦% و لە زستانی ۹٤دا ۲۱.۲% تۆمارکراوە کە بەو پێیە لە وەرزی زستانی پارەکەش دا لەڕیزبەندی پارێزگاکانی ئێران لە پلەی سێهەم دابووە.

ئەو ژمارانە دەریدەخەن کە ڕێژەی بێکاری لە پارێزگای سنە، لەزستانی ئەوساڵ دا لەچاو پاییزی ڕابردوو زیادی کردووە بەڵام لەچاو زستانی ۹٤ کەمتر بۆتەوە.

هەر بەپێی ئەو ئامارە، ڕێژەی بەشداری ئابووری(چالاکییە ئابوورییەکان) سنە لە زستانی ئەمساڵ٤۲.۱% و لە زستانی پارەکە ٤۱.۲% بووە.

پێشتر (سەید ئەحسەن عەلەوی) نوێنەری خەڵکی سنە، دیواندەرە و کامیاران لە پاڕڵەمانی ئێران، ڕایگەیاندبوو کە ڕێژەی بێکاری لە سنە لە سەرووی ۲٥% ەوەیە.

هەروەها یەکێکیتر لە نوێنەرەکان لەکاتی سەردانی وەزیری هاوبەشی، کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی(تعاون، کار و رفاە اجتماعی) بۆ شاری سنە لە حەوتووی ڕابردوو، ڕایگەیاند کە لە سنە زیاتر لە ۱۲۰۰۰ دەرچووی کولێژی بە دەستهێنانی زانیاری (فناوری اطلاعات) بێکارن.
شایانی باسە کە ڕێژەی بێکاری لە کوردستان هەموو کات لەوە زیاتر بووە و زۆربەی کارناسان لەو باوەڕەدان کە ڕێژەی بێکاری زۆر لەوە زۆرترە کە ناوەندە حکوومییەکان باسی دەکەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان