سیناریۆی نوێی حکومەتی ئێران: هەڵبەزی ئیران بۆ لەسێدارە دانی سابر شێخ عەبدوڵڵا، حوسەین عوسمانی و دیاکۆ رەسوڵ زادە

KMMK:

لقی یەکی دادگەی ئنقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەحمەد جەوادی کیا؛ سابیر شێخ عەبدوڵڵە، حوسەین عوسمانی و دیاکۆ رەسوڵ زادە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
سابیر شێخ عەبدوڵڵە لە کاتی دەست بەسەرکردنیدا خوێندکاری زانکۆی بەشی کۆتایی کارناسی باڵادەستی بیمە بووە لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران.
ئەم سێ کەسە تۆمەتبار کراون بە چاندنی تەقەمەنی لەسانی ( رژە) ساڵانەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژی ۳۱ی خەرمانانی ساڵی ۱۳۸۹ لە شاری مەهاباد.


رۆژێک پاش تەقینەوەی مەهاباد، حەیدەر موسلێحی، وەزیری ئەو کاتەی ئیتلاعات رایگەیاند: ئەو گروپەی کە ئەم تەقینەوانەیان کردووە لەلایەن سەربازانی نەناسراوی ئیمامی زەمان ناسراونەتەوە و هیوادارین تاوانباران لەم حەوتووەی بەرگری موقەدەسدا بگەین بە سزای تاوانەکانیان.

عەبدول رەسوڵ مەحمود ئابادی، سەرکردەی قەرارگەی حەمزە لە ورمێ، سێ ڕۆژ پاش تەقینەوەکە، کوژرانی ۳۰ کەس لە ئەندامانی سەرەکی ئەم قەرارگەیەی راگەیاند. مەحەمەد پاکپور، سەرکردەی ئەوکاتەی هێزی پیادەی سپا کوژرانی ئەندامانی سەرەکی بکەرانی تەقینەوەی مەهاباد لە ئەنجامی ئۆپێراسیۆنێکدا راگەیاند و بەشدار بونی دوو ئەفسەری حزبی بەعسی لەو ئۆپێراسیۆنەدا راگەیاند.

لە ۲۸ی گوڵانی ساڵی ۱۳۹۳، وەزارەتی ئیتلاعات حکومەتی ئێران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند کە سێ کەس لە بکەرانی تەقینەوەی ساڵی ۱۳۸۹ی مەهاباد دەست بەسەر کراون لەم راگەیەندراوەدا ناوی شوێن و کاتی دەست بەسەر کردنی ئەم کەسانە نەکرابو. دواتر رایانگەیاند کە ئەم کەسانە لە ماڵێکی گروپیدا ناسراونەتەوە و لەو ماڵەشدا دەست‌بەسەر کراون.
سێ تاوانباری ئەم دۆسیەیە لە مانگی رەشەمەی ۱۳۹۲ بۆ ماوەی یەک ساڵ لە گرتوخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەهاباد لە ژێر لێکۆڵینەوەدا بون. لەو ماوەیەدا ئەم کەسانە مافی هەبونی پارێزەریان لێ زەوت کرابوو و تەنانەت پەیوەندیشیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبوو. ۱۸ی خاکەلێوەی ۱۳۹٤ بەشی بەڕێوەبردنی سزای بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەهاباد، دەرکردنی سزای سێدارە بەسەر ئەم سێ کەسەدا راگەیاند.
ئەوەی کە لەسەر ئەم تۆمەتبارانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەدی دەکرێت، دەزگاکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەم سێ کەسە دۆسیە دروست کراوە و هەوڵ دەدەن هەروەکوو جاران چەند کەس لەلاوانی کورد لە سێدارە بدەن و بیانکەنە قوربانی سیاسەتەکانی خۆیان.
دوبەرەکێی زۆر لە وتەی بەرپرسانی جۆراوجۆر لەسەر ناسینەوەی تاوانباران، دوایین راگەیەندراوی وەزارەتی ئیتلاعات و دانپێدانانی بڵاوکراوە لە پرێس تی ڤی بەو بەڵگانەی دیکەوە، ئەوهەواڵانەی کە لە ماڵپەڕە پەیوەندی دارەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران وک بۆڵتەن نیوز و… بەڕونی دەریدەخات، کە ئەمجارەش ناوەندە ئەمنیەتی ئیتلاعاتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەوڵدان کە سێ مرۆڤی بێ تاوانی تر وەکوو فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکێڵی، شیرین عەلەم هۆلی، عەلی حەیدەریان، زانیار و وقمان مورادی لەسێدارە بدات و بەو شێوەیە پازڵەکانی ئەمنیەتی خۆی گرێبدات و پڕی بکاتەوە.
بۆڵتەن نیوز گوڵانی ۹۳ٚدا نوسیویە کە تاوانباران لە ماڵی گروپی کۆمەڵەدا دەست‌بەسەر کراون. بەڵام نەک لەکۆتایی مانگی گوڵان ۹۳ بەڵکوو لە مانگی رەشەمەی ۹۲ و هەروەها نەک لەماڵی گرۆپیدا بەڵکوو هەریەکەو بە جیاو بە تاک دەست‌بەسەر کراون.
دیاکۆ رەسوڵ زادە رۆژی شەشەمی مانگی رەشەمەی ۹۲ لەگوندی شوێنی نیشتەجێ بونی ” دەریاس” دەست‌بەسەر کراوە. حوسەین عوسمانی هەروەها پاش بانگهێشت کردنی تەلەفونی بۆ ئێدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژی ۱۲ی رەشەمە پاش رۆیشتن بۆ ئەم ناوەندە دەست‌‌بەسەر دەکرێت. سابیر شێخ عەبدوڵڵا لە رۆژی ۲٤ی رەشەمەی هەمان ساڵ لە یەکێک لە شەقامەکانی مەهاباد نزیک بە زانکۆی ئازاد دەست‌بەسەر دەکرێت. ئەمە خۆی هێمای درۆی گەورە و سیناریۆی پڕ لە کێشەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

وەزارەتی ئیتلاعات و راگەیاندنە پەیوەدیدارەکان دەڵێن، ناوبراوان لە هاتوچۆ بۆ باشوری کوردستان بوون، ئەمە لەکاتێکدایە کە هیچ یەک پاسپۆرتیان نەبوو و یەکێک لەم کەسانە لە ژێر تەمەنی یاسایەوە بووە و هیچ لەم کەسانە تائێستە سەفەری دەرەوەی وڵاتیان نەبووە.
لە حاڵەتێکدا کە ئەم کەسانە تاوان یاخود چالاکی سیاسیان هەبوایەت، سەرەڕای مەودای دەست‌بەسەرکردنیان نێوان دەست‌بەسەرکراوان، توانای دەرچونی تەنانەت دوو کەسیان لەئارەدا دەبوو، پرسیارەکە لێرەدایە؛ گەر ئەم کەسانە تاوانبار بوون چۆن دەبێت پاش دەستبەسەر کردنی یەکەم کەس ئەوانی تر هەڵ نەهاتبێتن.
ناسر رەسووڵ نەژاد لە دۆستانی نزیک بە سابیر شێخ عەبدوڵڵا دەڵێت کە دڵنیایە کە سابر هیچ کات بۆ سەفەری کۆتا خایەن و سەفەری درێژ خایەن لە ئێران نەچوەتە دەرەوە ” چەندین جار سەفەر بۆ هەرێمی باشووری کوردستان یاخود ژیانی نهێنی سابیر وەک گاڵەتجاڕیەک وایە، سابر تاکو هاوینی ساڵی ۱۳۹۰ بەبێ پێشینەی پشووی خوێندنی خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری ورمێ بووە و پایز و زستانی ئەو ساڵە بۆ ئەرشەدی دەرسی دەخوێند و سەرەتای رەشەمەی ئەو ساڵە نێردراوەتە سەربازی و تاکاتی چونە زانکۆی عەلامە بۆ کارناسی ئەرشەد لە پایزی ۹۱ سەرباز بووە و پاش ئەوەش تاکاتی دەست بەسەر کردن خوێندکاری تەواوکاتی کارناسی ئەرشەد ئاماری بیمە بووە. “
سیناریۆی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتاوەکێشەی هەبووە. یەکێک لە تاوانبارانی ژێر تەمەن ۱۸ ساڵ نە دەیتوانی پاسپۆرتی هەبێت و نە دەیشتوانێت بە تەنیا سەفەری دەروەی وڵاتی هەبێت ئەوی تریش خوێندکاری زانکۆیە و بەردەوام لە زانکۆ و ناوەندە حکومیەکان لە هاتوچودا بوو، ئەوەی تریش لە سەر زەوی وەرزێڕ و لێخوڕی تەکسی بوو. ئەم سێ کەسە شاهێدی راستەقینە و بەرچاویان هەیەکە هەمو وتەکان و تۆمەتەکانی حکومەتی ئێران جیاواز لە هەر بە بەرگریەکی تر رەت دەکەنەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: تۆمەت و سزای سەپێندراو بەسەر ئەم سێ شارۆمەندەی کورد بە واتای سیناریۆیەکی تر لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ کۆمەڵکوژی و لە سێدارەدان و قڕکردنی لاوانی کورد دەزانێت و بە توندی ئەم کردەوەیە ئیدانە دەکات.
لە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان حزب و رێکخراوە کوردستانیەکان، ناوەندە نێونەتەوەییەکان چالاک لە بواری ماڤی مرۆڤ رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و … داوادەکات لەم دۆسیەدا کار بکەن و بەر بە لەسێدارەدانی سێ لاوی کورد بگرن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان