حکومەتی تورکیا کردەوەی نازیەکان دووپات دەکاتەوە،بەڵام لە سەدەی 21

دوابەدوایی شکستە یەک لە دوایی یەکەکانی تێرۆریستانی داعش و جبهەالنصرە، حکومەتی تورکیا رۆڵی پشتیوانی خۆیی لەو تێرۆریستانە ئاشکراتر کردوە و هێرش دەکاتە سەر خەڵکی سڤیل.

دوایی زیاتر لە دو مانگ هێرشی چەکداری سەر شارەکانی باکوری کوردستان و دژایەتی ئەو وڵاتە دژی گەلی کورد، ئەم جار دەستی داوەتە هێرشی چەکداری سەر رۆژئاوایی کوردستان.

حکومەتی تورکیا بە هێرش کردنە سەر رۆژئاوایی کوردستان هەوڵی ئەوە دەدات پێش لە پێشرەویەکانی گەلی کوردستان لەو بەشەی کوردستان بگرێت و یەگرتنەوەی کانتۆنەکانی رۆژئاوایی کوردستان رابگرێت و پێشگیری بکات.

لە دواین هەنگاوەکان، ئەمرۆ حکومەتی تورکیا دەستی کردوە بە بۆمبارانی کانتۆنی عەفرین و لە ئەنجامی ئەو بۆمبارانە چەندین هاوڵاتی گیانیان لەدەست داوە و بە دەیان کەس بە سەختی بریندار بوون.

ئەوە لەکاتێک دایە کە دەوڵەتی تورکیا بە ئاشکرا پشتیوانی لە داعش و جبهەالنصرە دەکات، لە یەک لاوە بە بۆمباران پشتیوانیان دەکات، لە لایەکی تر هێزەکانیان پەروەردە دەکات و کەرەسەی سەربازیان دەداتێیە.

حکومەتی تورکیا لە سەرتایی شەری ناوخۆیی سوریا پشتیوانی ئەو تاقمە تێرۆریستیانە دەکات و بە هەموو شێوەیەک دژایەتی کوردستانیان دەکات. ئەو هەڵوێستانەی دەوڵەتی تورکیا رێک سیاسەت و هەڵوێستەکانی حکومەتی نازیەکانە کە بوو بە هۆکاری کوژرانی بە میلیۆنان کەس، نازیەکان سیاسەتی خۆیان لەسەر هەڵاواردنی نەتەویی دامەزراند و بە پەیرەوی لە فاشیزم، یەهودیەکانیان کۆمەڵکووژ کرد و بە ساز دانی شەری جیهانی کارەساتێکی مەزنی مروڤیان لە گشت دونیا بەرهەم هێنا، کارەساتێک کە جیهانی شەری شەری هەمەلایەنە کرد و بە میلیۆنان خەڵک گیانیان لەدەست دا.

سیاسەت و کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا رێک سیاسەتی نازیەکانە، گەلی کورد کۆمەڵکوژ دەکات و رۆژانە هێرشیان دەکاتە سەر، هێرش دەباتە سەر رۆژئاوایی کوردستان، سوریا و عێراق و بە پشتیوانی لە تێرۆریستان خەڵکانی سڤیل بە کوشتن دەدات.

بۆمبارانی رۆژئاوایی کوردستان و کوشتنی خەڵکی نیشتەجێی ئەو ناوچەیە، بە پەی هەموو یاسا و رێکارە قانونی نێودەوڵەتیەکان، پێشێلکاری ئاشکڕای سەروەری وڵاتانی تر و تاوان دژی ئەمنیەتی گشتیە، بەڵام نەتەوە یەکگرتوەکان،یەکێتی ئەوروپا، شۆرایی ئەمنیەت، ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتوەکان لەهەمبەر ئەو پێشێڵکاریە ئاشکرایەی دەوڵەتی تورکیا بێدەنگن و هەڵوێستی گونجاویان نەگرتۆتە بەر.

بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان دەوڵەتی تورکیا بە هیچ شێوەیەک مافی هێرش کردنە سەر رۆژئاوایی کوردستانی نیە، چ بگا بەوەی خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچەیە کۆمەڵکووژ بکات. تائێستا بە چەندین جار هێرشی کردوتە سەر ناوچەکانی گرێ سپی، کوبانی و عەفرین و بە دیان کەسی کوشتوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێرای سەرکۆنە کردنی هەڵوێستە شەرخوازیەکانی دەوڵەتی تورکیا کە پێشێلکاری ئاشکرایی سەروەری وڵاتی رۆژئاوایی کوردستان و سوریا و هاوکات تاوان دژی مرۆڤایەتە، داوا لە ناوەندە گشتیەکانی وەک نەتەوە یەکگرتوەکان، یەکێتی ئەوروپا، شۆرایی ئەمنیەت دەکات کە هەڵوێستی گونجاو بگرن و کۆتایی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بێنن.

هاوکات داوا لە حکومەتی رژئاوایی کوردستان دەکات رێگە و شوێنی گونجاو بۆ پاراستنی ئەمنیەتی خەڵکی رۆژئاوایی کوردستان و سەروەری رۆژئاوایی کوردستان بگرێتە بەر.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان