داواکاری گشتی حکومەتی تورکیا  داوای زیندانی هەتاهەتایی بۆ یوکسەکداغ دەکات

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، حکومەتی تورکیا بە بیانوی هەوڵدان بۆ تێکدانی یەکپارچەیی تورکیا و ئەندامبوون لە ڕێکخستنی قەدەغە،  سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ فیگەین یوکسەکداغ هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە، دەکات.

داواکاری گشتی حکومەتی تورکیا  لە باژێری وانی  باکوری کوردستان  لە لێپرسینەوەکانیدا لەگەڵ یوکسەکداغ کە لە ١١-٤-٢٠١٥ وە دەستیپێکردبوو، لە کۆتاییدا داوای سزای هەتاهەتایی بۆ ناوبراو کرد.

ناوەندی هەواڵی رۆژنیوز لە هەواڵێک دا ئاماژە دەکات  کە لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکەی داواکاری گشتی وان، لەلایەن دادگای باڵاوە دەستیپێکردووە.

جێی وەبیرهێننەوەیە کە حکومەتی تورکیا دوایی دەست پێکردنەوەی شەر دژی گەلی کورد لە باکوری کوردستان، دەسی دایە گرتنی پارڵمانتاران، سەرۆک شارەوانیەکان، چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد و ئێستا بە هەزاران چالاکی کورد لە زیندانەکانی تورکیا دان.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان