ک.م.م.ک:
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، باری تەندروستیی زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسیی کورد، بە توندی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە و ژیانی لە مەترسیدایە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا تووشی کێشەی جیددیی تەندروستی بووە و لەم دواییانەشدا تووشی فایبرۆمی سەختی منداڵدان، ئازاری توندی سک و خوێنبەربوون بووە.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، باری تەندروستیی زەینەب جەلالیان لە ڕۆژانی ڕابردوودا گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و جێی نیگەرانی؛ بە شێوەیەک کە چەندد ڕۆژێکە توانای جووڵە و هاتوچۆی نەماوە و لە دۆخێکی جەستەیی زۆر خراپدایە.
پزیشکانی چارەسەرکار لە هۆشدارییەکدا سەبارەت بە خراپیی نەخۆشییەکەی، داوایان کردووە دەستبەجێ ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی بەندینخانە بکرێت بۆ تەواوکردنی پرۆسەی چارەسەری، بەڵام بەرپرسانی بەندینخانەی یەزد بە بیانووی «دۆخی جەنگی» ڕێگرییان لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، زەینەب جەلالیان لە سێپتەمبەری ٢٠٢٥ لە یەکێک لە ناوەندە پزیشکییەکانی شاری یەزد نەشتەرگەریی بۆ کراوە، بەڵام تەنیا ٢٤ کاتژمێر دوای نەشتەرگەرییەکە و پێش تەواوبوونی پرۆسەی چارەسەری، دووبارە گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانە.
هەروەها ڕاپۆرتەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە زەینەب جەلالیان نزیکەی ١٨ ساڵە ماوەی سزای زیندانیی هەتاهەتایی خۆی بەسەر دەبات و وەک دێرینترین بەندکراوی سیاسیی ژن لە بەندیخانەکانی ئێراندا ناو دەبرێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە دۆخی قەیراناویی زەینەب جەلالیان، داوای پێڕاگەیشتنی پزیشکیی دەستبەجێ و گواستنەوەی بێشەرتومەرجی ئەم بەندکراوە سیاسییەی بۆ ناوەندە پزیشکییە پسپۆڕەکان کرد. ئەم دامەزراوە مافپەروەرە جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامیی ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی زەینەب جەلالیان بە چارەسەر، پێشێلکردنی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و بە واتای خستنەدەستی ئەنقەستی ژیانی بەندکراوێکە لە مەترسییەوە، بۆیە بەرپرسیارێتیی هەر دەرئەنجامێکی قەرەبوو نەکراوە لە ئەستۆی بەرپرسان و دامەزراوە پێوەندیدارەکاندایە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


