ک.م.م.ک:
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی دەستبەسەرکردنە بەرفراوانەکان لە جوگرافیای ئێراندا و لە بارودۆخێکدا کە پچڕانی ئینتەرنێت پێی ناوەتە پەنجا و حەوتەمین ڕۆژی خۆیەوە، ڕاپۆرتەکان باس لە دەستبەسەرکردن و نادیاریی چارەنووسی ژمارەیەک لە هاوڵاتییانی کورد لە شارە جیاوازەکان دەکەن، دۆخێک کە بەتایبەت سەبارەت بەو کەسانەی نەخۆشییان هەیە، نیگەرانیی جددیی دروست کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان، چوارشەممە ٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ی کوردی، بەهروز هیممەتی، هاوڵاتیی تەمەن ٤٢ ساڵی خەڵکی ئاودانان و کارمەندی نەخۆشخانەی ئەم شارە، دوای دەستبەسەرکردن بۆ بەندیخانەی ڕژێمی ئێران لە ئیلام (ماەپاره) گوازراوەتەوە.
هەروەها مریەم داوودیان، هاوڵاتیی تەمەن ٥٨ ساڵی خەڵکی بۆکان، کە تووشبووی نەخۆشییەکانی شەکرە، تالاسیمیای مینوور و ڕۆماتیزمە، دوای بانگهێشتکردنی بۆ ناوەندی هەواڵگریی ئیتلاعات لە ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خاکەلێوە دەستبەسەر کراوە و بۆ یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران لە ورمێ گوازراوەتەوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو لە دەستڕاگەیشتن بە دەرمانە پێویستەکانی بێبەش کراوە و دۆخی جەستەیی نالەبارە.
لە بەردەوامیی ئەم ڕەوتەدا، یەکشەممە ٣٠ی خاکەلێوە، مەسعوود عەبدوڵڵازادە (سۆران) خەڵکی گوندی خەلیفانی سەر بە نەغەدە دەستبەسەر کرا.
لە سەقزیش، پێنجشەممە ٢٧ی خاکەلێوە، سەحەر مەهدی لە دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی تایبەتیی خۆی دەستبەسەر کرا.
هەروەها هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی یاسایی شلێر مامقادری، هاوڵاتیی تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی مەهاباد کە پێشتر بە شێوەیەکی هاوشێوە دەستبەسەر کرابوو و لە ناوەندە ئەمنییەکانی ورمێ ڕاگیراوە، لەبەردەستدا نییە و ئەم نادیارییە لە کاتێکدایە کە ناوبراو سەرقاڵی تەواوکردنی ڕەوتی چارەسەری و بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەیە.
لە بەردەوامیی نادیاریی یاسایی دەستبەسەرکراواندا، ڕاپۆرتەکان نیشانی دەدەن کە زانیاریی ورد لەسەر چارەنووسی ئەنوەر قوربانی، هاوڵاتیی خەڵکی کامێران کە لە ٥ی خاکەلێوەی٢٧٢٥ی کوردی، دەستبەسەر کراوە، و هەروەها هیوا تاتایی، هاوڵاتیی خەڵکی سەقز کە لە یەکی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردییەوە دوای زیاتر لە سێ مانگ دەستبەسەری هێشتا بە شێوەی نادیار لە بەندیخانەی ڕژێمی ئێران لە سنە ڕاگیراوە، لەبەردەستدا نییە.
ق.ش


