ک.م.م.ک:
یەکی ئایار، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی کرێکار، دەرفەتێکە بۆ سەرلەنوێ تێڕامان لە پێگەی کار، کەرامەتی مرۆیی و ئەو مافە بنەڕەتییانەی کە دەبێ بۆ هەموو کرێکاران، بێ جیاکاری، دەستەبەر بکرێن. ئەم ڕۆژە تەنیا بۆنەیەکی هێماین نییە، بەڵکوو بیرهێنەرەوەی مێژوویەک لە خەبات، خۆڕاگری و داواکارییە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مرۆیی.
ڕۆژی جیهانیی کرێکار، لە بنەڕەتدا، پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ چەمکە بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤدا هەیە. مافی بەهرەمەندبوون لە مەرجەکانی کاری دادپەروەرانە و گونجاو، دەستمایەی دادپەروەرانە، ئاسایشی کار، قەدەغەکردنی کاری زۆرەملێ و کاری منداڵان، و هەروەها مافی پێکهێنان و چوونە ناو ڕێکخراوە کرێکارییەکان، لەو مافانەن کە لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکاندا جەختیان لەسەر کراوەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، دۆخی کرێکاران لە جوگرافیای ئێراندا نیشاندەری کەلێنێکی قووڵە لە نێوان ئەم پرەنسیپانە و ڕاستییە هەبووەکاندا. زۆرێک لە کرێکاران لە ژینگەیەکدا کار دەکەن کە کەمترین پێوەرەکانی سەلامەتی تێدا نییە؛ بارودۆخێک کە بووەتە هۆی زیادبوونی ڕووداوەکانی کار، گیانلەدەستدان و کەمئەندامبوون. دواکەوتنی بەردەوامی مووچەکان و کەڵەکەبوونی شایستە داراییەکان، ژیانی ملیۆنان کرێکاری لەگەڵ ناسەقامگیریی بژێوی ڕووبەڕوو کردووەتەوە و لە دابینکردنی پێویستییە سەرەتاییەکاندا بێدەسەڵاتی کردوون. هەروەها لاوازی یان نەبوونی بیمەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی، کرێکارانی لە بەرامبەر نەخۆشی، ڕووداو و بێکاریدا بێپەنا هێشتووەتەوە.
ئەم دۆخە لەناو جەرگەی قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان لە جوگرافیای ئێراندا، توندتر بووەتەوە. هەڵاوسانی ڕوو لە زیادبوون، دابەزینی توندی هێزی کڕین، و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، سفرەی کرێکارانی بەشێوەیەکی بەرچاو بچووکتر کردووەتەوە.
لە پاڵ ئەم تەحەدییانەدا، نەبوونی ئازادی لە داواکارییە پیشەییەکان و سنووردارکردنی توندی پێکهێنان و چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران، یەکێکە لە بەربەستە سەرەکییەکان لە ڕێگەی بەدیهێنانی مافەکانی کرێکاران. ڕووبوڕووبوونەوە ئەمنییەکان لەگەڵ ناڕەزایەتییە هێمنانەکان و زیندانیکردن و گوشار خستنە سەر چالاکانی کرێکاری، کەشی داکۆکیکردن لە مافەکانی تەسکتر کردووەتەوە و دەرفەتی بەدواداچوونی داواکارییە یاساییەکانی لەناو بردووە.
لەو ڕۆژەدا، وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و خەباتی کرێکاران، جەخت لەسەر پێویستی پابەندبوونی حکوومەتەکان، خاوەنکاران و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بە بەڵێنە مافە مرۆییەکانیان دەکەینەوە. گەشەپێدانی بەردەوام و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بەبێ دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران، چەمکێکی ناتەواو و ناسەقامگیر دەبێت.
داکۆکیکردن لە مافی کرێکاران، داکۆکیکردنە لە کەرامەتی مرۆیی.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


