دەسبەسەری عیماد دەرئوفتادە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە

ک.م.م.ک:

دووشەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٥ی کوردی، عیماد دەرئەفتادە هاوڵاتی ١٩ساڵ تەمەن و خوێندکاری بوای ئاوەدان کردنەوەی زانستگەی ورمێ خەڵکی پیرانشار، پاش چوونی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە پیرانشار دەسبەسەر کرا.

بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی هەواڵگریKMMK، یەکشەممە ١٦ی خەرمانان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتایە سەر شوێنی ژیانی ئەم هاوڵاتییە و باوکی ناوبراو ــ ڕەحمان دەرئوفتادە ــی ٧٠ ساڵ تەمەنیان دەسبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعات گواستیانەوە.

دەسبەسەر و بارمتەگرتنی ئەم هاوڵاتییە ٧٠ساڵ تەمەن، لە کاتێکدا هاتۆتە ئاراوە کە هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمی ئێران هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی دەرئوفتادە کە پاش ئەوەی زانیان عیماد لە ماڵەوە نییە باوکیان لەگەڵ خۆیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگواستووە و پاش ٧ کاتژمێر لێپرسینەوە و گوشار، ئەم هاوڵاتییە بەساڵاچوەیان لە بریتی خۆ بەدەستەوەدانی کوڕەکەی ئازاد کردووە.

عیماد دەرئوفتادە خزمی نێزیک کۆمار دەرئوفتادە، گەنجی گیانبەختکردووی ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادی ساڵی ٢٧٢٢ی کوردییە، کە دەیان جار لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە هەڕەشە و لێپێچینەوەیان لێکراوە.

تا کاتی ئامادە و بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەری و شوێنی ڕاگیرانی عیماد دەرئوفتادە بەردەست نییە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *