kmmk: ڕۆژی یەکشەممە ۱۶ی گوڵانی ئەمساڵ، کۆڵبەرێکی کورد بەناونیشانی، ” محەممەد ڕەحمانی” کوڕی حەسەن، بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییە کوێستانییەکانی سوونی لەشاری نەوسوودی سەربە شاری پاوە گیانی خۆی لە دەست دا.
بەکوتەی سەرچاوە خۆجێیەکان : “محەممەد ڕەحمانی ۳۴ ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی لۆن سادات لە کامێران بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی بنەماڵە ڕووی لە کاری مەترسیدار و نافەرمی کۆڵبەری کردبوو.”
دۆخی کار وپیشەی هاوڵاتیانی کورد بەپێی نەبوونی کار و نەبوونی سەرمایەگوزاری حکوومی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژلەگەڵ ڕۆژ خراپتر بووە و گەنجان و خوێندەوارانی ئەم بەشەی کوردستان ڕوویان لەکاری پڕمەترسی و نافەرمی کۆڵبەری کردووە کەبەردەوام لەبەر مەترسی مردندان. بەو شێوازێکە یان لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە دەسڕێژیان لێدەکرێ یان بە هۆکاری سرووشتی وەکوو کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەکان، گیرۆدەبوون لەهەرەس، سەرما وسەهۆڵبەندان و پێکدادان گیانی خۆیان لەدەست دەدەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


