کۆڵبەرێک لە سەلاسی باوەجانی بریندار دەبێت.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان  ئەمڕۆ یەک شەممە-۲۷ی سەرماوەز ئەکرەم ڕەمەزانی کوڕی ڕەحمان خەڵکی گوندی “ئەزگەلە” سەر بە سەلاسی باوەجانی دەدرێتە بەر دستڕێژی گولەی هێزە ئینتزامیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە گرانی بریندار دەبێت و هەواڵەکە باس لە دۆخی نالەباری ئەم کۆڵبەرە دەکات.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو دەڵێت: ڕەمەزانی بە هۆی هەڵگرتنی چەند گاڵۆن(دەبە) گازۆئیل تەقەی ڕاستەوخۆی لێکراوە.

ئەکرەم ڕەمەزانی بە هۆی گرانی برینەکەیەوە لە هۆش دەچێت و لە لایەن خەڵکەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت و بە گوتەی پزیشکان دۆخی تەندرستی ئەم کۆڵبەرە نالەبارە و تا بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە دۆخی ناوبراو مەترسیدارە.

لە کاتێکدا کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر ڕۆژ کۆڵبەران و کاسبکاران دەبنە قوربانی و دەکوژرێن، کە بە هۆی هەژاری و بێکاری ، بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکانیان ناچار دەبن ڕوو بکەن لە ئێشی پڕ لە مەترسی کۆڵبەری و ڕاگەیاندنەکان و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمبەر ئەم پرسەدا (کێشەیەدا) بێ دەنگی دەنوێنن.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان