ک.م.م.ک :
سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٨ی پووشپەڕی ساڵی ٢٧٢٥ی کوردی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ئیلام، بەناوی عەلی خان زەمانی لە لایەن هێزەکانی بنکەی پۆلیسی «١٤»،کوژرا.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە دەستمان، سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەمە عەلی خان زەمانی، پیاوێکی تەمەن ٤٦ ساڵ کە خاوەنی دوو منداڵە و خەڵکی گوندی حەوت کانی(هفت چشمە) سەر بە شاری ئیلام، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پۆلیسی بنکەی پۆلیسی ١٤ گیانی لەدەست دا.
دەوترێت هێزەکانی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی موحسین زەمانی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان. لەم هەڵمەتەدا موحسین و پەیمان زەمانی توانیان لە دەست ئەفسەرەکان هەڵبێن و پەنایان بۆ شوێنێکی نادیار برد. بەڵام عەلی خان کە تەنانەت ئامانجی ئەفسەرەکانیش نەبووە و تەنانەت شەڕ و پێکدادانی لەگەڵیاندا نەکردووە، تووشی توندوتیژی بووە و بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەفسەرەکان کوژراوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێرشبەرەکە ئیبراهیم باقری بەرپرسی بنکەی پۆلیسی ١٤ بووە.
شایانی باسە، دوای ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە دانیشتوانی گوندی حەوت کانی لە چالاکییەکی ناڕەزایەتیدا لەگەڵ ئەفسەرەکان تێکهەڵچوون و دوای تەقەکردن لە خەڵکی بێ گوناح و نەپارێزراو، لە گوندەکە هەڵهاتن. هێشتا تەواوی وردەکاری ئەم کارەساتە لەبەردەستدا نییە.
خەڵکی گوندەکە ڕایانگەیاندووە کە عەلی خان کەسێکی باش بووە و زۆر ڕێز و بەنرخ بووە بۆ خەڵکی گوندەکە.
جێگای باسە کە ڕووداوەکەی ئەمڕۆ پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و یەکەمجار نییە کە لەلایەن پۆلیس و هێزە کانی کۆماری ئیسلامی لە سەرانسەری ئێران و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبدات. ئەم کۆمەڵکوژی و هێرشە دڕندانە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین.
ب.س


