ڕاپۆرتی پێشێلکاری مافی مرۆڤی مانگی مەی ۲۰۲٥

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چل و شەش ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سیستماتیک لە هەوڵی سڕینەوە و چەوساندنەوەی گەلی کورد بووە و تەنانەت مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیانی پێشێل کردووە و تا ئێستاش درێژە بەو چەوساندنەوە و نادادپەروەرییانە دەدات.

هاووڵاتیانی کورد لەسەر خەبات بۆ مافی سروشتی و یاسایی خۆیان، له لایەن رژێمی ئێرانەوە بەردەوام رووبەڕووی سێدارە، تیرۆر، هەڕەشه، زیندانی و ئەشکەنجە بوونەتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان پێداگری لەسەر ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو نادادپەروەرییانە ئاگادار بکاتەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئامارێک سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە مانگی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەخەینەڕوو. جێی ئاماژەیه ئەم راپۆرتە بەهۆی ئەو ئاستەنگ و رێگرییانەی ڕێژیمی ئێران لەسەر رێگای دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ دایدەنێت، ڕاپۆرتێکی تەواو نییە و تەنیا بەشێک لە پێشێلکارییە سیستماتیکی و ئامانجدارەکانی مافی هاووڵاتییان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئاشکرا دەکات. بێ گومان ئاستی نادادپەروەری و سەرکوتکردن زۆر لەوە زیاتره کە بە بێ هاوکاری هاوڵاتییان له راپۆرتێکی لەم چەشنەدا بخرێنە روو.

سەرەتا هەواڵی لە سێدارەدانی هاووڵاتیان:

لە مانگی پێشوودا سیاسەتی ئێعدامی هاوڵاتیان وەکوو پێشتر بەردەوام بووە، بە چەشنێ کە لەم مانگەدا  بە تۆمەتی قیساس و مادەسڕکەرەکان، ١٣ هاووڵاتی له سێدارە دراون.
بانگهێشت، ‎دەستبەسەری و زیندان :
‎لە مانگی پێنجی٢٠٢٥دا وەکوو پێشتر، بانگهێشت و دەسبەسەرکردنی هاوڵاتییان بەشی هەرە زۆری ئامارەکان لە خۆ دەگرێ، بەشێوەیەک کە لەم مانگە دا بە گشتی زیاتر لە ٣٢ کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان بانگهێشت یان دەستبەسەرکراون.  کە پێنج لەوانە ژن و ٢٧ کەسیان پیاو بوون.
هەروەها لەم مانگەدا بە تۆمەتگەلی بێ بنەما بە گشتی سزای چوار ساڵ و دوومانگ بەندکران، پێنج ساڵ هەڵپەسێردراو و بژاردنی ٩٠ملوێن تمەن، بە سەر شەش هاووڵاتیدا سەپێنرا.

قەتڵ و ‎خۆکوژی:
بە پێی ئامارەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ‎ڕێژەی خۆکوژی و کوشتنی هاوڵاتیان بە شێوەیەکی مەترسیدار ڕوو لە هەڵکشانە، بە جۆرێک کە ٤٦ هاووڵاتی  لە رێگای خۆکوژییەوە گیانیان لە دەست داوە کە ٩ کەسیان ژن و ٣٧کەسیان پیاو بوون. هەروەها ٣٩ هاوڵاتی لە لایەن کەسانی دیکەوە کوژراون، کە ١٠ لەو هاوڵاتییانە ژن بوون.

کۆڵبەر :  هاووڵاتییان لە کاتی کۆڵبەریدا کە وەکوو هەردەم دەکرێنە ئامانجی ڕاستەوخۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی ئێران، لەم مانگەدا سێ کەسیان لێ کوژران و سێ کەسی دیکەیان بریندار کران.

لە کۆتاییدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە هەموو خەڵکی ئازادیخواز دەکات کە بە ناردنی ڕاپۆرت و هەواڵ، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی مافە سروشتیەکانی گەلی کورد هاوکارمان بن، بۆ ئەوەی پێکەوە ببینە دەنگی نەتەوەی کورد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *