ک.م.م.ک:
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی بە ناوەندی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووه، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی سینا خامۆشی، پەیمان شاهچراغی و سابر ڕۆشنی، کە دۆستی شەهید ڕەزا ڕەسائی بوون، له کرماشان دەستبەسەر کراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، لە ٢٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ، سینا خامۆشی تەمەن ٣٧ ساڵ و سابر ڕۆشنی تەمەن ٢٧ ساڵ، هەروەها لە ٣١ی گەلاوێژ، پەیمان شاهچراغی تەمەن ٣٥ ساڵ، بە توندوتیژی دەسبەسەر کران.
ڕەزا ڕەسایی تەمەن ٣٤ ساڵ لە مانگی ڕەزبەری ٢٧٢٣دا لە لایەن لقی دووی دادگای تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کرماشان، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، بە تۆڵەسەندنەوە مەحکووم کرابوو. دواتر ئەم بڕیارە لە دوایین ڕۆژانی مانگی خەزەڵوەر لە لایەن لقی ١٧ی دادگای باڵا پشتڕاست و پەسند کرایەوە.
لە حوکمی دادگای باڵای ڕێژیمی ئێران (غولام) ڕەزا ڕەسایی بە کوشتنی نادر بەیرامی، بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی تیرۆریستی ڕژیم له شاری سەحنە لە پارێزگای کرماشان، تۆمەتبار کرابوو.
ڕەزا ڕەسایی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژی٢٧٢٤، لە زیندانی ڕێژیمی ئێران لە کرماشان لە سێدارە درا.
تا ساتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم هاوڵاتییانه لەبەردەستدا نییە.
خ.ع