گۆرانیبێژی کورد ۱۰۰ قامچی لێدرا، بە دو ساڵ زیندانیش سزا دراوە

KMMK:

دوشەممە ۷ی گەلاوێژ, سزای ١٠٠ قامچی کە پێشتر لەلایەن دادگای حکومەتی ئێرانەوە بەسەر پەیمان میرزازادە گۆرانیبێژی خەڵکی ورمێ بڕابووەوە، جێبەجێی کرا.
پەیمان میرزازادە نزیکەی شەش مانگ لەمەوبەر لەلایەن دادگای ئێرانەوە لە شاری ورمێ بە تۆمەتی وتنەوەی سرودێکی شۆڕشگێری بە جلی کوردییەوە سزای دوو ساڵ زیندان و ١٠٠ قامچی بەسەریدا سەپا و لە ئێستادا سزای زیندانەکەی لە زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ تیدەپەڕێنێت.

دوای قامچی لێدانەکە، پشتی پەیمان میرزازادە خوێنی لێهاتووە و بە تەواوی شین و ڕەش بووەتەوە.
میرزازادە دوای جێبەجێی کردنی ئەو سزایە لەسەری، بە نووسینی نامەیەک لە زیندانەوە، ڕایگەیاندووە کە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ئەو سزایانەی بەسەریدا سەپاوە، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.
ئەمە یەکەمجار نییە پەیمان میرزازادە لە زیندان دەست بداتە مانگرتن لەخواردن، پێشتر لە کاتی چالاکییەکانی مانگرتن لەخوارن بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان، بە پێشەنگایەتی لەیلا گوڤەن، لەگەڵ ١٥ زیندانی سیاسی دیکەی کورد لە زیندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ماوەی سێ ڕۆژی مانی لەخواردن گرتبوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان