لە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بۆ ڕێوەبەری کومسیۆنی ئەورووپا

ک.م.م.ک:

وەک ئاگادارن لە ڕۆژانی ڕابردوو هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە وڵاتی تورکیا بەڕێوەچوو و ئاکامەکەیشی ئاشکرا کرا و بەربژێری کورد لە شاری وان عەبدوڵڵا زێدان لە DEM PARTI توانی بەزۆرینەی دەنگ شکست بە بەربژێکی حیزبی دەسەڵات AK PARTIبێنێ و ببێت بە براوەی ئەنجامە بەراییەکان بەڵام ئاکەپە لە کاتێکدا خەڵک سەرقاڵی جێژن و بەرزڕاگرتنی ئەو سەرکەوتنە بوون هێزە چەکدارەکانی ئەردووغان هەڵیان کوتایە سەر خەڵک و ڕاستەوخۆ تەقەیان لێکردن و هاوکات بەربژێری دەستنیشانکراو و دۆڕاوی حیزبەکە خۆیان لە شوێنی زێدان دانا و ناوبراویان دەستبەسەر کرد.
ئێمە وەکوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەلای خۆمانەوە و لە زمانی هەر مرۆڤێکی بەشکۆوە داواتان لێدەکەن بەرانبەر بە پێشکەوتنی دێموکراسی و گەشەی ئازادی و یەکسانی بێدەنگ نەبن و لەبەرانبەر ئەم کردەوو زەق و دیکتاتۆرییەتە مێژوویەدا کاردانەوەتان هەبێ و ڕێگری بکەن لە گەشەی بیری سەرکوت و فاشیییەت لەلایەک و ئیسلامی ڕادیکاڵ لە لایەکیتر.
ئێوە وەکوو بەرپرس و بەڕێوەبەری ئەورووپا کە دەسەڵاتی ڕەهاتان هەیە لە یاسادانان، جێبەجێکردنی بڕیارەکان، دەتوانن بە مەحکووم و ئیدانەکردنی ئەو ڕەوشتە دژە مرۆیی و دژە دیمۆکراسییە ڕێگری بکەن لەو پلانە قرێژەی دەوڵەتی تورکیا.
وڵاتە سەرکوتگەر و داپڵسێنەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە بەشی هەرە زۆریشیان داگیرکەری کوردستانن لە ئەگەری بێدەنگی و خەمسادری ئێوە وەکوو ناوەندێکی بڕیاردەری سیاسی کارەساتی وەکوو هەڵەبچە و ژینۆسایدی کورد و ئەرمەنی و ئێزدیەکان بەڕێوەدەبەن و ئێمەی وەکوو ناوەندێکی مافی مرۆیی لە زمانی گەلی خۆمانەوە هاوار دەکەین و داواکارین بەرانبەر بە پێشێلکاری دیمۆکراسی بێدەنگ نەبن و بەرگری لەمافی ڕەهای مرۆڤ بکەن و هاوکاتیش لەهەموو مرۆڤە دێمۆکراتەکانی جیهان، ڕووناکبیران و سیاسییە بەڕەوشتەکانی جیهان دەکەین کە دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی ئێمەو و ڕێگە مەدەن چیدی پلان داڕێژەرانی ئەورووپا لەهەمبەر ئەم نادادپەروەرییانە کپ نەبن و ببن بە دەنگی دێمۆکراسی و یەکسانی بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *