حوکمی زیندانی چالاکێکی کرێکاری پشتڕاست کرایەوە

ک.م.م.ک:

ڕێکەوتی ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ی کوردی، لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی حکوومەتی ئێران لە سنە حوکمی ٦ مانگ زیندانی چالاکێکی کرێکاری بەناونیشانی ئازاد خوانچەزەڕ خەڵکی مەریوانی پشتڕاست کردەوە.

بوگوێرەی هەواڵەکە، ناوبراو بەبۆنەی چالاکی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا و پاش ئەوەی ئازاد خوانچەزەڕ ناڕەزایەتی بەرز کردەوە و دۆسیەکەی نێردرا بۆ دادگای پێداچوونەوە بەڵام ناڕەزایەتی ناوبراو ڕەت کرایەوە.

شیاوی باسە دادگای ئینقلابی ئێران لە مەریوان بەپشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لەو شارە بەتۆمەتی پڕوپاگاندا لە تۆڕەکۆمەڵایەتیە دژی دەسەڵات بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری بە هەژماری ماوەی دەستبەسەری مەحکووم کرابوو.

جێی بیرهێنانەوەیە کە ئازاد خوانچەزەڕ ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ی کوردی، بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر و ڕۆژی دووشەممە یەکی ڕشەمەی هەمان ساڵ بەدانانی بارمتە لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە مەریوان بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *