گوشار و هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی دوو چالاکی سیاسی و مەدەنی شاری مەریوان

ک.م.م.ک:

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی گەڵاڕێزانی ٢٧٢٣ی کوردی، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی دوو چالاکی سیاسی و مەدەنی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی کاوە فەرەجی و ئاراس فەرەجی، پاش پشکنینی ماڵەکە و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی تایبەتی خۆیان، ئەندامانی بنەماڵەیان خرانە بەر لێپرسینەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتیانە؛ لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، ناوبراوان چەندین جار بانگهێشتی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە شاری مەریوان کراون و دوای ئەوەی نەچوون، هێزە ئەمنییەکان بە شــەو و بەبێ ئاگاداری پێشوەختە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی کاوە فەرەجی و ماڵی باوکی ئاراس فەرەجی و هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەیان کردووە.

پێویستە باس لەوە بکرێت کە کاوە فەرەجی، لە دایکبووی ساڵی ١٣٥٧، کوڕی عارف، خەڵکی گوندی لەنجاوای سەر بە مەریوان، چالاکێکی سیاسی ناسراوی شاری مەریوان بوو، کە پێشینەی سزادانی چەندین ساڵەی لە زیندانەکانی ئيران هەیە. ناوبراو لە رێکەوتی ۲۰ی خەرمانان لەرێگای پەیوەندی تلەفوونەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لە مەریوان کرابوو بەڵام ئەم هاوڵاتییە ئامادەنەبوو خۆی رادەستی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە بکات.

هەروەها ئاراس فەرەجی لە دایکبووی ساڵی ١٣٧٠ کوڕی خالید خەڵکی گوندی لەنجاوای مەریوان بە هۆی چالاکی مەدەنییەوە چەندین جار لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بانگهێشت کراوە.

شایانی باسە، لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵی ئەم چالاکانە لە مەریوان، دایک و باوکی ئاراس فەرەجی بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک لە ماڵەکەی خۆیان لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

ک.ح

One thought on “گوشار و هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی دوو چالاکی سیاسی و مەدەنی شاری مەریوان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *