وەستانی مێشکی ئارمیتا گراوەند لەلایەن تیمی پزیشکییەوە ڕاگەیەندرا

ک.م.م.ک:

بەپێی زانیارییەکان لە سەرچاوەگەلی متمانەپێکراوەوە، شەوی چوارشەممە ١٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ی کوردی، تیمی پزیشکی ئارمیتا گراوەند، بە هێزە ئەمنییەکانی جێگیرکراو لە نەخۆشخانەی فەجریان ڕاگەیاندووە: بەو پێیەی ئارمیتا ئیدی هیچ چەشنە دژکردەوە و نیشانەی زیندوومانی لێبەدی ناکرێ، ناوبراو بەتەواوەتی مێشکی وەستاوە.

بەگوێرەی هەواڵەکە، تیمەکە ڕایانگەیاند: بەم شێوەی دەیبینین بەردەوامی پەیوەندی ئارمیتا گراوەند بە ئامێرە پزیشکییەکانەوە ڕەوا نییە و پێویستە ئەم ئامێرانەی لێبکرێتەوە و وەستانی مێشکی ناوبراو کە لە ڕوانگەی پزیشکییەوە بەمردن هەژمار دەکرێت بەبنەماڵەکەی ڕابگەیەندرێت.

شیاوی باسە کە ئارمیتا گراوەند ١٧ساڵ تەمەن ڕۆژی یەکشەممە٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ی کوردی، لەکاتی چوون بۆ قوتابخانەکەی، لە وێستگەی میترۆی گۆڕەپانی شوهەدا، بەبۆنەی کەڵک وەرنەگرتن لە حیجابی زۆرەملێ لە ناو واگۆنەکەوە، پەلامار دەدرێ و لەلایەن یەکێک لە حیجاوانەکانی ئیڕشادی ئیسلامییەوە لێی دەدرێت و لەکاتی پاڵ پێوەنان و فڕیدانیدا بۆ دواوە، سەری دەدرێت بە لێواری درگای چوونەدەر و لە هۆش دەچێ و پاشان دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە و پاش وێنەهەڵگرتن لە سەری دەرکەوت کە ئەو زەبرەی بەری کەوتووە بووە بە هۆکاری خوێنبەربوونی مێشک و دەچێتە کۆماوە و ماوەی چەندد ڕۆژە لەو حاڵەتەدایە و ئەگەری زۆرە هاوشێوەی ژینا ئەمینی نەگەڕێتەوە ژیانی ئاسایی خۆی.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *