برینداربوونی کۆڵبەرێک لە سنووری بانە

KMMK:

ڕۆژی پێنجشەممە ١۵ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ی کوردی، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی ” نەنۆ”ی سەر بە شاری بانە بە ناوی “عەلی مەعارفی” بە تەقەی ڕاستەوخۆ پێی بریندار بوو.

بە گوێرەی هەواڵەکە: هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری بانە گرووپێکی کۆڵبەریان لە کاتێکدا لە ڕۆیشتندا بوون دایە بەر دەسڕێژی فیشەک و فیشەکێک بەر پێی ئەم کۆڵبەرە دەکەوێت و ناوبراو بە گرانی بریندار دەبێ.

شیاوی باسە کە: ئەم کۆڵبەرە بریندارە لە لایەن هاوڕێکانییەوە بۆ چارەسەری پزێشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری بانە کراوە.

حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای سیستەمی تێکشکاوی ئابووری و تەرخان نەکردنی گەڵاڵەی کاریگەری بەرهەمهێنان و ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژانەی ئەو کەسانەی کە بۆ بژیوی ژیان ناچارن ڕوو لە کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی ناوبەری ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بکەن دەداتە بەر دەسڕێژ و تا ئێستە کوژران و برینداربوونی ڕێژەیەکی بەرچاو کۆڵبەری لێکەوتۆتەوە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە ٢۶ کۆڵبەر بە هۆی تەقەی هێزە سنوورییەکانی ئێران یان تورکیا گیانی خۆیان لە دەست داوە و بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە ۶٢ کۆڵبەر بریندار بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان