ک.م.م.ک:
ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانانی ساڵی ٢٧٢٣ی کوردی، هاووڵاتییەک بە ناوی محەممەد مورادینژاد، کارمەندی ئیدارەی سامانە سروشتییەکان و دانیشتووی گوندی “ئەلەک” بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە کامێران کرا و دەستبەسەر کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە، چوونەتە فەرمانگەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە کامێران، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە، لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا، محەمەد مورادینژاد لە لایەن لێژنەی پلە یەک کە بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییە ئیدارییەکانی سازمانی جیهادی کشتوکاڵی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە دەکات بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی بابەت و نووسینی تایبەت دژ بە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دوو مانگ ڕاگرتنی کاتی لە خزمەتی بەسەردا سەپێندرا کە دوایی لە لە کۆبوونەوەی دەستەی پێداچوونەوەدا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشێلکارییە ئیدارییەکانی فەرمانبەرانی وەزارەتی جیهادی کشتوکاڵی، ئەم حوکمە گۆڕدرا بۆ لێبڕینی مووچە و کاتژمێری زیادەی یەک لەسەر شەش بۆ ماوەی شەش مانگ .
شایانی باسە تا ساتەوەختی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکرانی محەممەد مورادینژاد لەبەردەستدا نییە.
ک.ح