پلانێکی (پروندە سازی) دوبارە بۆ بەندکراوی سیاسی کورد

بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و ڕاپۆرتی KHRN، ڕۆژی دووشەممە ۱۹ ڕەزبەر ئەحمەد تەمویی، بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لقی ۱۰ لێپرسینەوە دادگای شۆرشی شاری ورمێ کەوتە بەر لێپرسینەوە و بە تۆمەتی پەڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای ناردنی هەواڵ سەبارەت بە لەسێدارەدانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگەیاندنەکان و ناوەندە مافەمرۆڤیەکان، ئەم تۆمەتانەی پێڕاگەیەندرا.

بە پێی هەواڵەکان باس لەوە دەکرێت: «ئیدارەی ئیتلاعەتی ورمێ و ژوری تایبەتی ئیدارە ئیتلاعەت بە ناردنی ڕاپۆرت بۆ دادگا ڕایگەیاندوە ئەم بەندکراوە بە شێوەیەکی بەردەوام بەڕێوەچوونی حوکمی لە سێدارەدانەکانی بۆ ڕاگەیاندنەکان و ناوەندە مافە مرۆڤیەکان ناردوە، دادوەر دواین وتەکانی بەندکراوانی کۆکردوەتەوە و ناردویەتی بۆ یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆرشی ورمێ بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتای لە سەر ئەم بەندکراوە.»

شایانی باسە کە: «ئەحمەدیی تەمویی لە ماوەی مانگی ڕابردودا لە ڕۆژەکانی ۸ و ۱٥ڕەزبەر لە لایەن لقی ۱۰ ی لێپرسینەوەی دادگای ورمێ کەوتوەتە ژێر لێپرسینەوە.»

ناوبراو پێشتر بە ناردن و بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ ئەحمەد شەهید، ژوری هەواڵنێری تایبەتی نەتەوە یەک گرتوەکان ڕایگەیاندبو، لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا چەندین جار ڕووبەڕووی زەخت و گوشاری ژوری تایبەتی ئیدارە ئیتلاعات لە ناو زیندانی ورمێ بوەتەوە و گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و هەڕەشەی پیلانگێڕی (پروندە سازی) دوبارەی لێکراوە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان