کوژرانی هاوڵاتییەکی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەتەقەی ڕاستروخۆی هێزەکانی سپای پاسدارانی ئێران

ک.م.م.ک:

بەپێی زانیارییەکان، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو غازی مستەفا تەمەن ٥٤ساڵ،هاوڵاتی خەڵکی گوندی کانی پاشا لە ناحیەی بەمۆ و خاوەنی سێ منداڵ، لە پارێزگای هەڵەبچە لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا سەرقاڵی کەسابەت لەسەر سنوور بووە لەلایەن سێ ئەندامی سپای پاسدارانی ئێرانەوە لە ناوخاکی باشووری کوردستان گەمارۆ دەدرێ و تەقەی لێدەکرێ و ئەویش بەرگری لە خۆی دەکات و بەبرینداری دەکەوێتە دەستیان و دواتر بێسەروشوێن دەکرێ.

بەپێی هەواڵەکە، ئەم هاوڵاتییە لە خۆشخانەیەکی کرماشان دۆزراوەتەوە کە گیانی لەدەستداوە.

شیاوی باسە بە کووتەی شایەتحاڵان ئەم هێرشە پلان بۆ داڕێژراو بووە و هێزێکی تۆکمەی سپای پاسداران زیاتر لە ١٥٠ کەس بەهەموو کەرەستەی سەربازی و جمووجۆڵەوە کە تەنانەت ئامبوڵانسیشیان لەگەڵ خۆ هێناوە دێنە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە و هێرشی دەکەنەسەر و ئەویش دراغێک فیشەکی پێ دەبێت بەرگری لە خۆی دەکات و دواتر بەبرینداری دەکەوێتە دەستیان.

جێی سەرنجە کە تا ئێستە ناوەندە بەرپرسیارەکانی حکوومەتی هەریم هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە ئەمە لە کاتێکدایە کە سپای پاسداران خاکی هەرێمی بەزاندووە و هاوڵاتی ڕفاندووە و بەپێی گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان ئەم هەڵسووکەوتەی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران مەحکوومە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *