ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کودستان، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ی کوردی، چالاکی مەدەنی و خوێندکاری قۆناغی دوکتۆرای کۆمەڵناسی سیاسیی زانکۆی زانست و لێکۆڵینەوەکانی تاران پێدرام موعینی ٣٨ساڵ تەمەن کوڕی عەزیزوڵا و خەڵکی شاری سنە بەدانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە سنە ئازاد کرا.
بەگوێرەی هەواڵەکە، ئەم خوێندکارە کوردە لەماوەی دەستبەسەری لە ژووری تاکەکەسیدا بووە بۆ ئەوەی لەو ڕێگەوە دانپێدانانی زۆرەملێی لێوەربگرن.
شیاوی باسە کە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی جۆزەردانی ئەمساڵ، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی سەرکوتگەری ئێران بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی لە شاری بانە هەڵیان کوتایە سەر نووسینگەی کاری پێدرام و دەستبەسەریان کرد و پاش پشکنینی شوێنی کارەکەی هەندێ کەلووپەڵی تایبەتی ناوبراو وەکوو موبایلەکەی دەستی بەسەردا گیرا
جێی بیرهێنانەوەیە کە پێدرام موعینی ڕێکەوتی دووی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی ڕاپەڕینە ژن ژیان ئازادی لە تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تارانەوە دەستبەسەر و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوازرابوو، پاشان گوازرابوویەوە بۆ بەندی ٢٤٠ی زیندانی ئێڤین و بەدانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
پێدرام موعینی لەلایەن داواکارتی گشتی زیندانی ئێڤینەوە بو هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی و پڕوپاگەندا دژی دەسەڵات و تێکدانی رایی گشتی لەڕێی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانەوە تۆمەتبار کرابوو.
ق.ش