ک.م.م.ک:
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەڵێوەی ۲۷۲۳ی کوردی، زیندانی سیاسی عەبدوڵا بەدەوی، ۶۳ ساڵان، خەڵکی گوندی شەریف ئاوا-ی سەر بە ورمێ، کە لە زیندانی حکوومەتی ئێران لەو شارەدا دەستبەسەر بوو، بە هۆی دەستپێنگەیشتن بە خزمەتگورارییەکانی دەرمانی و نەبوونی چاودێری پزیشکی تووشی جەڵتەی مێشک بووە و گیانی لەدەست دا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەو زیندانییە سیاسییە نەخۆشی دڵ و شەکرەی هەبووە و سەرەڕای ئامۆژگاری پزیشکەکان، بەرپرسانی زیندان لە مافی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشکی و مۆڵەتی نەخۆشی بێبەشیان کردبوون.
شایانی باسە کە عەبدوڵا بەدەوی لە مانگی پووشپەری ۲۷۱٤ی کوردی بە تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانەوە بە دوو ساڵ زیندانی سزادرا و لە دۆسیەکی دیکەدا، لەسەر ماددە هۆشبەرەکان سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، کە لەم ساڵانەی دواییدا بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەمکرایەوە.
ع. س