ک.م.م.ک:
هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ی کوردی، هاوڵاتییەک بەناونیشانی هێمن ئامان ٢٦ساڵ تەمەن خەڵکی گوندی قورمیش سەربە شاری بۆکان، لە ماڵی باوکگ لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، کەوتەبەر لێدان و پاشان دەستبەسەر کرا.
بەگوێرەی هەواڵەکە؛ ناوبراو لە ڕەوتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی بۆکان، پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە قورسی بریندار کرابوو.
جێی سەرنجە؛ ناوبراو پاش دەستبەسەری بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنییەتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ ڕاگوازراوە و بەهۆی ئەشکەنجەی قورسەوە لە ڕێی شۆکەری کارەبایی و شکاندنی دەست و پێ و ڕوومەتییەوە گیانی بەخت کرد.
شیاوی باسە؛ هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، چوارشەممە ٢ی سەرماوەز، لە پێوەندییەکی تێلەفوونییەوە بانگهێشتی باوکی دەکەن کە لە گرتووخانەی ئەمنییەتی لە شاری ورمێ وەربگرێتەوە.
جێی ئاماژەیە؛ ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ناوبراو لە ژێر تەوژمی قورسی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەڕێووچوو.
ق.ش