ک.م.م.ک:
یەکشەممە ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ئ کوردی، لەگەڵ درێژەی گردبوونەوەکانی ناڕەزایی دەربڕین و سەرهەڵدانی سەرانسەری دژبە کۆماری ئیسلامی ئێرا لە گەڕەکی تەقتەقانی سنە هاوڵاتییەم بەناونیشانی فوئاد ئەسلانی ـیان بەتەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی شەڕ بریندار و دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.
بەپێی هەواڵەکە، هیچ زانیارییەک لە دۆخی تەندرووستی و چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هاوڵاتییە بەدەستەوە نییە.
لەلایەکی دیکەوە، هاوکات دوو کەس لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان بەناوەکانی مەسعوود نیکخا و ئیسکەندەر لوتفی، بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوازران.
شیاوی باسە کە، ئەم دوو ئەندامە چالاکەی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان، شەممە ١٦ی ڕەزبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون.
شیاوی باسە، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانر گشتگیرەکان کە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتۆتەوە، شەپۆلێک لە دەستبەسەری هاوڵاتیان و چالاکانی دەستپێکردووە.
هەروەها سەدان هاوڵاتی ـیش بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بریندار بوون و گیانیان لەدەست داوە.
ق.ش