ک.م.م.ک:
ڕۆژی سێشەممە یەکی خەرمانانی٢٧٢٢ی کوردی، هاوڵاتییەکی خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەربە شاری سنە بەناونیشانی “شاپوور مرادی” بەدانانی بارمتە لە زیندانی ئێران لەو شارە تا کۆتایی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە ئازاد کراوە.
بەپێی هەواڵەکە، شاپوور مرادی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی گەلاوێژ، پاش کۆتایی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە سنە بۆ زیندانی ناوەندی ڕاگوازرا.
جێی سەرنجە کە ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەری، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵە بێبەری کرابوو.
شیاوی باسە کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران شاپوور مرادی ـیان بە هاریکاری حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران تۆمەتبار کردووە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە ڕۆژی ١٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ، شاپوور مرادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی، لە شوێنی کارەکەی لە شەقامی غەفوور لە شاری سنە، دەستبەسەر کرابوو.
ق.ش