ک.م.م.ک:
ڕۆژی شەممە ٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ی کوردی، گردبوونەوە و خۆپیشاندانی مەدەنییانەی خەڵکی گەورەدێی بەولێ سەر بە شاری ئیلام کەوتەبەر پەلامار و هێرشی هێزە تایبەتەکانی ئینتزامیی حکوومەتی ئێران و بەو هۆیەوە تێهەڵچوون و توندوتیژی لێکەوتەوە.
بە گوێرەی هەواڵەکە، ئەم خۆپیشاندەرانە بەرانبەر بە بێکاری و دامەزراندنی پێرسۆنێلی ناخۆجێی لە کۆمپانیای نەوتی تەنگ بیجاڕ و کەمانکوهی ئەو دەڤەرە هاتە ئاراوە و لەو تێهەڵچوونەدا بەدەیان کەس دەستبەسەر و بریندار کران ماشێنی خەڵکیش لەلایەن ئەو هێزانەوە تێکشکێنراون.
شیاوی باسە کۆماری ئیسلامی وێڕای دزینی سامان و سەرخان و ژێرخانی کوردستان و گواستنەوەی بۆ ناوەندی ئێران، تەنانەت پشکی کرێکارییەکەیشی بە گەلی کورد ڕەوا نابینێ و لە خەڵکانی ناخۆجێی کەڵک وەردەگرێ و هەرچەشنە دەنگ هەڵبڕینێکیش سەرکووت و دەمکوت دەکات و بە تۆمەتگەلی وەکوو تێکدانی ئاسایشی گشتی و نەتەوەیی و ئاژاوەگێڕ ڕاپێچی زیندانیان دەکات.
ق.ش