ئیدانەکردنی کردەوەی نامرۆڤانەی بەکرێگیراوانی حەشدی شەعبی لەلایەن کۆمەڵگەی یارسانەوە

ک.م.م.ک:

بەپێی نووسراوەیەکی نێردراو بۆ ناوەندی هەواڵگری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە لایەن سەید ئەمین عەباسی شا ئیبراهیمی( کوڕی کۆچکردوو سەید حەسەن شاە ئیبراهیمی) و بە نوێنەرایەتی بەشێک لە سادات و کۆمەڵگای یارسان لە کوردستان، کردەوەی ڕفاندن و سووکایەتی و ئاکاری نامرۆڤانەی بەکرێگیراوانی حەشدی شەزعبی بەرانبەر بە یەکێک لە پێڕەوانی کاکەیی(یارسان) لە هەرێمی کوردستان مەحکووم و خوازیاری سزای بکەرانی ئەم کردەوە قیزەونە بوون.
نووسراوەی نوێنەری کۆمەڵگای یارسان بەم شێوەیە:

یەکەم و دواین جار هەواڵی ڕفاندن و ئازار و ئەشکەنجەی یەکێک لە شوێنکەوتوانی ئاینیی یاری و سووکایەتی بە هێما ئاینییەکان و پیرۆزیەکانی ناوبراو لە لایەن کەسانی سەر بە حەشدی شەعبی لە وڵاتی عێراق، هەموومانی خەمبار و دڵبریندار کردووە. پەرۆشی و داخ و کەسەری ئێمە لێرەوە زیاد دەکات کە دەبیستین ڕەوتی حەشدی شەعبی لە پێوەندی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی دان و ڕەنگیشە گوێقوڵاخیان بن.
وەک دەبینین لە دەرەوەی ئێران، سووکایەتی بە بەشێک لە پیرۆزییەکانی لە گەلی ئێران کراوە. کەوابوو، داواکاری جیددیمان لە دەوڵەتی ئێران هەیە کە لە ڕێڕەوی دیپلۆماتیکەوە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکات و ئەنجامی دەستپێشخەرییەکانی بە خەڵکیی یارسانی ئێرانی ڕابگەیەنێت.
ئێمە ئەم هەڵسووکەوتە پڕ لە سووکایەتی و ئەم کردەوە نامرۆیانە و دژی مرۆڤییە کە ڕەوتی حەشدی شەعبی دەستی تێوەداوە، بەتەواوی هێزەوە مەحکووم دەکەین و داوا لە ڕێخراو و دامەزراوەگەلی مافی مرۆیی دەکەین کە ئەم ڕووداوە مەحکووم و بەدواداچوونی بۆ بکەن.

٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ی کوردی،
سەید ئەمین عەبادی شا ئیبراهیمی( کوڕی کۆچکردوو سەید حسەین عەباسی شا ئیبراهیمی) بە نوێنەرایەتی بەشێک لە سەیدەکان و شوێنکەوتوانی خێڵەکانی شائیبراهیمی، یادگاری و خامۆشی.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *