ک.م.م.ک:
شاکر بێهرووز، زیندانییەکی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ مەترسی جیددی ئێعدامی لەسەرە.
حکوومەتی ئێران جارێکی تر دەستی داوەتە ئێعدامی چالاکانی سیاسیی.
فیرووز مووسالوو زیندانی سیاسیی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی٢٧٢٢ی کوردی، بە نهێنی ئێعدام کرا.
پاش ئێعدامی ئەم زیندانییە سیاسییە هەنووکە مەترسی ئێعدام هەڕەشە لە گیانی دەکات. حوکمی ئێعدامی دووبارە بۆ ناوبراو شەممە ٤ی پووشپەڕ بە شێوەی فەرمی پێی ڕاگەیەندرابوو و بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگواسترابوو.
سەپاندنی سەرلەنوێی ئەم حوکمە لە کاتێکدا هاتە ئاراوە کە پووشپەڕی ٢٧٢١ی کوردی، لقی ٣١ی دیوانی باڵای وڵاتی ئێران حوکمی ئێعدامی ناوبراوی بە تۆمەتی بەغی لە ڕێی ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵە پووچەڵ کردەوە و بۆ پێداچوونەوەی دووبارە بۆ لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران ڕەوانە کرابوو.
هەروەها ناوبراو لە دۆسیەیەکی دیکەدا، لە بەفرانباری ٢٧٢٠ی کوردی، بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران لە لایەن لقی یەکی دادگای سزاکانی ئێرانەوە لە ورمێ بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.
ئەمە لە کاتێکدابوو کە چەندد هاوڵاتیی شایەتیان دا کە شاکری بێهرووز لە کاتی کوژرانی ئەم ئەندامەی سپا لە شوێنی ڕووداوەکە نەبووە.
بەڵام دامەزراوەی چەکداری ــ ئەمنی ئێران بە سەپاندنی گوشار و هەڕەشە لەسەر ئەم شایەتحاڵانە و هەروەها بنەماڵەی شاکر بێهرووز هەوڵی ئەوەیە سناریۆکەی خۆی جێبەجێ بکات.
هەنووکە ئەو سکاڵاکەرانەی کە حکوومەتی ئێران بە زۆر هانیداون سکاڵا بەرز بکەنەوە لەسەر ئەم چالاکە سیاسییە، ڕەزایەتیان بە ناوبراو داوە و خوازیاری ڕاوەستانی ئێعدامی ئەم چالاکە سیاسییەن. ئێران محەممەدپوور و جەمیل محەممەدی بە ئامادەبوونیان لە نووسینگەی تاپۆ فەرمییەکانی ژمارە٨٤ی سیلوانە دەستیان لە سکاڵاکەیان هەڵگرتووە و ڕەزامەندی تەواو و بێ ئەملاو ئەولای خۆیان ڕاگەیاندووە و خوازیاری داخرانی ئەو دۆسییەن.
شیاوی باسە، بە پێی ئەو هەوڵانەی کە حکوومەتی ئێران و دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەم حکوومەتە دژ بە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکاری دەگرن، گیانی ئەم زیندانییە سیاسییە هێشتا لە مەترسیدایە و پێویستە دەستپێشخەری گشت لایەنە بۆ ڕاوەستانی تەواوی حوکمی ئێعدامی شاکر بێهرووز ئەنجام بگرێت.
ق.ش