گواستنەوەی دوو ئەندامی لێژنەی ڕێوەبەری ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایان بۆ بەندی ئەمنییەتی زیندانی ئێڤین

ک.م.م.ک:

یەکشەممە ١٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ی کوردی، شەعبان محەممەدی و مەسعوود نیکخاە لە ئەندامانی لێژنەی ڕێوەبەری ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی خەڵکی مەریوان لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە سنە بۆ بەندی ئەمنییەتی زیندانی ئێڤین ڕاگوازران.

بە گوێرەی هەواڵەکە و بە پشتبەستن بە کوتەی سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو، شەممە ١٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ی کوردی، شەعبان محەممەدی و مەسعوود نیکخاە لە پێوەندییەکی تێلەفوونی لە گەڵ بنەماڵەکەیان هەواڵی گواستنەوەیان لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی ئێران لە سنە بۆ بەندی ئەمنییەتی زیندان ئێڤین ڕاگەیاند و لە ئاخافتنەکەدا مەسعوود نیکخاە ڕێگەی پێنەدرا لە گەڵ بنەماڵەکەی بە کوردی بئاخفێت.

شۆرای هاوئاهەنگی دامەزراوەگەلی پیشەیی فەرهەنگیانی ئێران لە دژکردەوەی هەواڵی گواستنەوەی ئەم دوو چالاکەی پیشەیی مامۆستایان ڕایگەیاندووە کە، ئەم گواستنەوەیە لە چوارچێوەی پڕۆژە سازی درۆیینی دەنگ و ڕەنگ و سناریۆ سازکردن گەلێکە کە کۆمەڵگای مامۆستایان چۆنیەتی ناڕەزایی خۆی بەرانبەری دەربڕیووە.

شیاوی باسە کە، یەکشەممە ١١ی گوڵانی ئەمساڵ، ئیسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخاە لە ئەندامانی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لەو شارە دەستبەسەر کران.

شەعبان محەممەدی چەندد کاتژمێر پاش دەستبەسەری ئازاد کرا بەڵام ئیسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخاە بۆ گرتووخانەی ئەم دامەزراوە ئەمنییە لە سنە ڕاگوازران.

مەسعوود نیکخاە ڕێکەوتی ٢١ی گوڵانی ئەمساڵ بە دانانی بارمتە لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە مەریوان ئازاد و لە ٢٥ی گوڵان سەر لە نوێ دەستبەسەر کرایەوە.

شەعبان محەممەدی ـ یش لە ٢١ی گوڵان لە گۆڕەپانی باوەڕەشی مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

ناوبراوان لە ماوەی دەستبەسەری لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵە بێبەری کرابوون.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *