نادیار بوونی گڵکۆی بەندکراوانی سیاسی کوردی لەسێدارە دراو پاش ۹ مانگ

KMMK:

ئەمڕۆ پێنج شەممە ۱۶ی جۆزەردانی ۲۷۱۹ی کوردی، پاش تێپەڕینی ۹ مانگ بەسەر لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی زانیار مورادی، لوقمان مورادی و رامین حوسەین پەناهی بەدەستی کۆماری ئیسلامی ئێران، گڵکۆی ئەم کەسانە دەشارێتەوە.

پتر لە ۹ مانگە ئەم سێ بەندکراوە سیاسیەی کورد لە سێدارە دراون، بەڵام تا ئێستەش هەوڵ و تێکۆشانی بنەماڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی گڵکۆی منداڵەکانیان بە ئامانج نەگەیشتووە و کۆماری ئیسلامی ئێران شوێنی ناشتنی ئەم کەسانە دەشارێتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە: زانیار و لوقمان مورادی لە ۱۱ی گەلاوێژی ۲۷۰۹ی کوردی لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شاری مەریوان دەست بەسەر دەکرێن و پاشان لە لایەن دادگەی ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حزبە کوردیەکان سزای سێدارەیان بەسەردا دەسەپێندرێت، هەروەها رامین حوسەین پەناهی لە ۵ی پوشپەڕی ۲۷۱۷ی کوردی لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە دەست بەسەر دەکرێت و پاشان لە لایەن دادگەی کۆماری ئیسلامیەوە سزای سێدارەی بەسەردا دەسەپێندرێت.

لە بەڕواری ۱۷ی خەرمانانی ۲۷۱۸ی کوردی ئەم سێ بەندکراوە سیاسیەی کورد سەرەڕای ناڕەزایەتی بەرفراوانی کۆمەڵگای کوردستان و رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ لە سێدارە دەدرێن و تا ئێستە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نکوڵی دەکرێت لە دەرخستنی گڵکۆ و شوێنی بەخاک سپاردنی ئەم کەسانە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان