دەست تێدابوونی کارمەندانی دەوڵەتی و قەزایی لە بڕینەوەی دارستانەکانی سوورێنی بانە

ک.م.م.ک:

چوارشەممە ١٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢١ی کوردی، چالاکانی مەدەنی، کەلتووری و ژینگەپارێزی ئەنجوومەنی پاژینی بانە و کۆمەڵێک لە خەڵکی ئەم شارە لە گردبوونەوەیەک لە ناوچەی گەشتووگوزاری سورێن، کاول کردنی ژینگە و بڕینەوەی دارەکانی ئەم ناوچەیان بە توندی مەحکووم کرد.

بە پێی لێکۆڵینەوەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە کاولکاری ناوچەی سورێن و بڕینەوەی چەنددین داری بەڕووی ئەم ناوچەیە، لە لایەن سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوەوە ئاشکرا بوو کە، بڕینەوە، کاولکاری و فرۆشتنی دارەکان، هەروەها سازکردنی بینای ڤیلایی و گۆڕینی زەوی و زار و دارستانە گشتییەکان بە زەوی کشتووکاڵی لە بانە و بەتایبەت لە ناوچەی سورێن، پڕۆژەیەکی لە پێشدا گەڵاڵە داڕێژراوە و بە تەرزی سیستەماتیک لە لایەن بەرپرسانی دەوڵەتیی ئەم شارەوەیە.

بە پێی لێدوانەکانت سەرچاوەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ ئەم پڕۆژەیە لە لایەن قایمقامەتی و فەرماندەی سپای سوورێن کە خۆی خەڵکی شاری بانیە وهەنێ کارمەندانی قایمقامی بانەوە بەڕێوە چووە و تەنانەت چەندد کارمەندێکی ژینگە و جەنگەڵبانی دەستیان تێدایە.

سەرچاوەکە لە درێژەدا کوتی: پڕۆژەکە بەم شێوە جێبەجێ کراوە کە، لە لایەن چەندد کەسایەتی دیاری سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات بە تایبەت فەرماندەی سپای سوورێن لە بانە، ئەم دارانە بڕدراوەتەوە و پەیوەستی زەویەکانی ئەوان بووە بۆ مەبەستی ئەوەی لە دوارۆژدا قەوارەبەندی بکرێت و بە بەهایکی یەکجار زۆر بفرۆشرێت بۆ درووست کردنی ڤێلا، لەم بوارەدا کارمەندانی جەنگەڵبانی هاریکاری کردوون و هەلیان ڕەخساندووە بۆ بڕینەوەی دارەکان لە شەودا، گەر لەم بوارەشدا کەس یان دامەزراوەیەکی مەدەنی سکاڵایەک بەرز بکاتەوە بۆ ئیدارەی ژینگە، کارمەندانی دەستنیشانکراوی ئەم سیستەمە مافیاییە ڕێگری دەکەن لە سەرکەوتنی ئەنجامی سکاڵاکە و بە خێرایی دۆسیەکە دادەخرێت.

سەرچاوەکە کوتی: گەر کەس یان دامەزراوەیەکی مەدەنی لەم بوارەدا بەدواداچوونی جیددی هەبێت و سکاڵا بەرز بکاتەوە بۆ دادگا، ڕایەدارانی دادگا و دادوەرەکانی بەشداربوو لەم پڕۆژەیە، دۆسیەکەیان بەرەو ئاراستەیەک پاڵ پێوە دەنێن کە ئەنجامێکی لێنەکەوێتەوە.

هەروەها سەرچاوەکە درێژەی پێدا: چەندد جارێک سکاڵای خەڵک و دامەزراوە مەدەنییەکانی شاری بانە لە ڕێی قایمقامەتی حکوومەتی ئێران لەو شارە بێ ئەنجام بووە و زۆر جاریش کەمتەرخەمی نیشان دان لە بەدواداچوونت ناڕەزایەتی خەڵک و هاریکاری کەسانی دەستنیشان کراوی ئیدارەی ئیتلاعات و سپا لەهەمبەر بڕینت دارەکان بووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەربارەت بە کاولکردنی ژینگەی کوردستان، ئاگرتێبەردانی دارستانەکان، کوشتنی ئاژەڵە خۆجێیەکانی ئەم دەڤەرە و ژینۆسایدی ژینگەیی هۆژداری بە کۆمەڵگای مەدەنی دەدات و ڕایدەگەیەنێت؛ لەم بوارەدا هەر چەشنە دەست درێژییەک بۆ سەر ژینگەی کوردستان لە لایەن دامەزراوەگەلی دەوڵەتی و کەسانی دەستنیشان کراوی مەحکووم و لە ناساندن و ڕیسوا کردنیان ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ و داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات وێڕای پاراستنی ژینگە و بنیات نانی پێکهاتەگەلی مەدەنی لەم بارەوە بێ دەنگ نەبن و ناڕەزایەتی خۆیان بەرزتر بکەنەوە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *