کەیوان مینوویی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

ک.م.م.ک:

یەکشەممە 10ی ڕێبەندانی 2721ی، کەیوان مینوویی، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی گوندی “نێـ”-ی سەر بەە مەریوان، بە دانانی بارمتەی 200 ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی دادگاییەکەی لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەریوان ئازاد کراوە.

شایانی باسە کە ئەم مامۆستای زمانی کوردی و چاکی مەدەنی مەریوانی پێنجشەممە 7ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری سنە، بۆ زیندانی ئەم حکوومەتە لە مەریوان ڕاگوێزرابوو.

جێگای ئاماژەپێکردنە، ڕۆژی شەممە 22ی خەزەڵوەر، ئەم چالاکە مەدەنییە بەبێ نواندنی حوکمی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوو و لە ماوەی دەسبەسەری دا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو هاوڵاتییەدا، دەستیان بە سەر مۆبایل و کەرەستەی شەخسیی ناوبراودا گرتبوو و گوازرایەنەوە بۆ ناوەندە ئەمنیەکان.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەو هاوڵاتییە لەبەردەستدا نییە.
ع. س

Leave a Reply

%d bloggers like this: