بەلایەنی کەمەوە چوار هاوڵاتی دیکە لەکوردستان لەسێدارەدران

ک.م.م.ک
چوارشەمە 29ی بەفرانباری 2721ی کوردی،
سێ بەندکراوی مەحکووم بە لەسێدارەدان بە ناوەکانی حامد مەنووچەهری و سوبحان شوهانی و محەمەد کەریم نەژاد خەڵکی ئیلام، بە تۆمەتی کوشتن لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو شارە لە سێدارەدران.

هەر وەها بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە 28ی بەفرانبار، بەندکراوێکی دیکە بە ناوی پەروێز خودادادی خەڵکی گوندی بۆرج عەلیشەری سەر بە شاری کوهدەشت کە ئەویش بە هەمان سزا مەحکووم کراوە لەزیندانی ئێران لەو شارە لەسێدارە درا.

جێی تێبینییە کە، ئەو هاوڵاتییە لە ساڵی 2719، حەمید مەنووچەهری لە ساڵی2717 دا و محەمەد کەریم نەژاد حەوت ساڵ لەمەوبەر، بە تۆمەتی کوشتن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ئێستا زیاتر لە دوو لەسەر سێی وڵاتانی جیهان سزای لەسێدارەدانیان لە یاسا دا هەڵوەشاندووە بەڵام هەموو ڕۆژێک ئامێری لەسێدارەدان لە ئێران خێراتر دەبێت و لەژێر سایەی سەرۆکایەتیی ئیبراهیم ڕەئیسی و سەرۆکایەتی دادوەری ئێژەیی دا، لەسێدارەدانەکان خێراتر بووە.

تاکاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لەسێدارەدانی ئەو چوار زیندانییە لەلایەن میدیاکانی ناوخۆی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.


ع. س

Leave a Reply

%d bloggers like this: