چالاکی ژینگەیی ئارمین ئەسپرلۆس بە ساڵێک زیندانی سزا درا

ک.م.م.ک:

شەممە 25ی بەفرانباری 2721ی کوردی، ئارمین ئەسپرلۆس، چالاکوانی ژینگەیی خەڵکی سنە، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە شارەکە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی، بە تۆمەتی “هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە لایەنە کوردستانییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران” بە ساڵێک زیندانی سزا درا و حوکمەکە بەفەرمی بۆی ڕاگەیاندراوە.

جێگای ئاماژەیه که له ڕێکەوتی 7ی رەزبەری ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئەمنیەتیی ئێرانەوه له سنه دەستبەسەر کرا و گوازرایەوه بۆ بنکەی دەستبەسەرکردنی ئیدارەی ئیتلاعات.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ناوبراو پاش تەواوبوونی لێپرسینەوە بە دابینکردنی بارمتەی 150 مڵیۆن تمەنی بە شێوەیەک کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادگایی ئازاد کراوە.

جێی تێبینیە کە، فەرانەک جەمشیدی هاوسەری و ئەندامی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان لە شاری سنە بە هۆی چالاکییە ژینگەییەکانی و بە تۆمەتی ئەندامێتی لە حزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران دەسبەسەر و بە بەندکردن سزا دراوە.

ئارمین ئەسپرلۆس پێشتر لە ڕێکەوتی 2ی ڕەشەممەی 2719ی کوردی، لە کاتی دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی چالاکوانانی ژینگە و ئەندامانی لقی یەکێتی نەتەوەیی کوردستان دەستبەسەرکرابوو،
دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و لە مانگی ڕەشەممەی 2720دا بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” سزای سێ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
ع س

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *