KMMK:
بەپێ هەواڵی کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسی حکوومەتی ئێران لە کامێران، هۆکاری گیان لەدەستدانی حەیدەر زیندانیی سیاسی کورد، وەکوو گواهیی مردنێکی نادیار ڕایگەیاند و ڕەتی کردەوە هۆکاری ڕاستەقینەی مردنەکەی ئاشکرا بکات.
جێی باسە، ئیدارەی تۆماری باری کەسی سەر بە بڕیاری دەزگا ئەمنییەکانی ئێران هەلسوکەوت ئەکات و ئەو دەزگایانە ڕێگریان لە دەرکردنی گواهیی هۆکاری ڕاستەقینەی مردنی حەیدەر قوربانی کردووە.
شایانی باسە کە زیندانی سیاسی حەیدەر قوربانی لە 20 مانگی ڕەزبەری ساڵی 2716 دا لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، تێلێڤزیۆنی ئینگلیزی زمانی “پرێس تیڤی” بە نیشاندانی ڤیدیۆیەکی دێکۆمێنتاری بە ناوی “شۆفیری مەرگ” بەشێک لەو فیلمە دانپێدانانە زۆرەملێیەی ناۆبراو بڵاو کردەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە لەلایەن دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێرانەوە لە شاری سنە دادگایی کرا و لە ڕێکەوتی 8ی ڕێبەندانی 2719 دا حوکمی لەسێدارەدانەکەی لە زیندانی سنە پێ ڕاگەیەندرا و حوکمەکەی لە 15ی گەلاوێژی 2720، لەلایەن دیوانی باڵای وڵات لە قوم پشتڕاست کرایەوە.
زیندانی سیاسی حەیدەر قوربانی خەڵکی کامێران لە ڕێکەوتی 28ی سەرماوەزی ئەمساڵ بە بێ ئاگاداری بنەماڵە و پارێزەرەکەی لە بەندیخانەی ئێران لە سنە لەسێدارەدرا.
ع. س


