KMMK:
شەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢١ی کوردی، کەیهان موکەڕەم ئەنبی کوڕی جادر، زیندانی سیاسی بەندکراو لە زیندانی ئێران لە ورمێ، لە ناڕەزایەتی دژی نەهێنانە ئارای گەڵالەی داشکانی سزاکانی تەعزیری دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.
شیاوی باسە کە لە ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانباری ٢٧١٩ی کوردی، کەیهان موکەڕەم ئەنبی هاوڕێ لە گەڵ دوو هاوڵاتی دیکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ورمێ دەستبەسەر کرابوون. ناوبراو لە کۆتاییدا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە گرووپێکی دژبەری دەسەڵات بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەی بۆ زیندانی ئێران لە ورمێ ڕاگوازرابوو.
شیاوی باسە کە بەڕێز موکەڕەم ئەنبی هەروەها لە گەلاوێژی ئەمساڵ بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی ناو زیندان لە لایەن لقی ١١٩ی دادگای سزاکانی ئێران لە ورمێ بە ٣ مانگ زیندانی تەعزیری و ٥٠ زەبری قامچی مەحکووم کرابوو.
جێی ئاور لێدانەوەیە کە ناوبراو ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢١ی کوردی، چبوو بۆ مەرەخەسی و پاش کۆتایی خولی مەرەخەسییەکەی سەر لە نوێ بۆ زیندانی ئێران لە ورمێ گەڕابوویەوە.
ق.ش