KMMK:
پێنجشەممە 17ی پووشپەڕی 2721ی کوردی، لە نێزیکی گوندی بسام(ناوبەری مەریوان و سەقز) لە خاڵی سنووری، دوو هاوڵاتی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی”ڕەشید ئەحمەدزادە” خەڵکی گوندی قازنجە و مەسعوود نەجەفی خەڵکی گوندی قەرەبڵاغی بۆکان” بە هۆی تەقینەوەی فیشەکی بەجێماوی شەڕی 8 ساڵەی ئێران و عێراق گیانی خۆیان لە دەست دا.
بە گوێرەی هەواڵەکە، ئەم دوو هاوڵاتییە شوان بوون و لەوەڕگەی ناوچەی سنووری دەوورووبەری گوندی بسام ـیان بە کرێ گرتبوو و لەو شوێنەی ئاگری لێدەکەنەوە بە بێ ئەوەی بزانن فیشەکی تۆپی بەجێماوی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق بوونی هەیە.
بە هۆی ئاگرەکەوە فیشەکی شەڕ دەتەقێتەوە و هەردوو هاوڵاتی خەڵکی بۆکان دەس بەجێ گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.
شیاوی باسە کە ساڵیانە ئامارێکی زۆر لە هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و جبەخانەی شەڕی بەجێماو و هەڵنەگیراوە لە ناوچەی سنووری ناوبەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.
ق.ش


