کوشتنی سەگە وێڵەکان لەکرماشان لەلایەن ڕێدارانی حکوومییەوە

لە ناوچەی چواری شارەوانی و ناوچەی دڵگوشای شاری کرماشان کەسانێک دەستیان داوەتە کوشتنی سەگە وێڵەکان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: بەپێی ئەو هەواڵانەی لە شاری کرماشانەوە پێمان گەیشتوون شەوی ڕابردوو کەسانێکی چەکدار دەستیان داوەتە کوشتن وتەقەکردن لەسەگە وێڵەکان لەبلواری سەجاد ناوچەی ۴ ی شارەوانی وناوچەی دڵگوشا.

بەکوتەی شایەتحاڵان یەکێک لەوکەسانەی کەتەقەی لەسەگە وێڵەکان کردووە، دەری بڕیوە کە ڕێداری دادستانییە. وهەروەها شارەوانیش بێ ئاگابوونی خۆی لەمەر ئەم کارەساتە ڕاگەیاندووە.

چۆنییەتی سڕینەوەی ئازاری ئەو ئاژەڵانەی کەلە تەنیشت ژیانی مودێڕنی ئەوڕۆ لەشارەکان ودەورووبەریان دەبینرێ، بەردەوام لەوتاقمە بابەتانەیە کە ویستی گشتی لەگەڵە وهەمیش بەنەشیاوترین شێوەی بەردەست بەدواداچوونی بۆدەکرێ ولەئاکامدا نە ویستی گشتی دێتە ئاراوە ونە بابەتە یاساییەکانیش دەپارێزرێ وهەروەها دەنگی کەسێکیش لەمەڕ ئەم یاسا شکاندنە بەرز دەبێتەوە، چونکوو پێشێلکاریێەکە لەسەر بوونەوەرانێک دێتە ئاراوە کەمافیان کڕیارێکی نییە.

کوشتنی ئاژەڵە وێڵەکان بەچەک لەو بابەتە نایاساییانەیە کەهەردەم لەلایەن بەرپرسانی شارەوە دێتە کایەوە ولەنوێترین ڕووداوەکانی لەم چەشنە، لەشاری کرماشان وماوەی بەرێ لەشاری بۆکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان شایەتی کوشتنی بێ بەزەییانەی سەگە وێڵەکان بووین کەهەم نایاساییە وهەمیش بەچەشنێکی بێ بەزەییانە دێتە ئاراوە

لایەنگرانی مافی ئاژەڵان لەوبڕوایەدان کە پێک هێنانی ئازار وگەیاندنی خەساربەئاژەڵان نابەجێیە وبەتایبەت ئەوەیکە نابێ لەهەمبەر گەشەی ژیانی مرۆڤەکان دەسدرێژی بکرێتە سەرژیانی ئەوان. ئەوان لەوبڕوایەدان کەئاژەڵان خاوەنی مافی یاسایی وئەخلاقی دیاری کراون کە مافی خەسار وئازار نەدیتنیش دەگرێتەوە.

کوشتنی سەگەکان لەکرماشان زۆرینەی لایەنگرانی ژینگەی ئەم شارەی پەرۆش کردووە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان