سەردار ئیبراهیمی نەژاد؛ تەرمی هاوسەرەکەم، مێهری نەبی زادە دوو کاتژمێر بە کۆڵمەوە بوو

KMMK:

دووشەممە 24ی جۆزەردانی 2721ی کوردی، مێهری نەبی زادە 27 ساڵ تەمەن و خەڵکی سەردەشت لە ڕێڕەوی چوون بۆ وڵاتی یونان بە هۆی جەڵدەی دڵ کە ماندووبوونی ڕێگە بەدی هێنابوو گیانی خۆی لە دەست دا.

مێهری نەبی زادە هاوڕێ لە گەڵ هوژین و دوو کچە 4 و 7 ساڵەکەی لە ڕێگەی وشکانی ناوبەری تورکیا و یونان دەیانهەویست خۆیان بە سنوورەکانی یونان بگەیەنن بە بۆنەی مەودای درێژی ڕێگە و ماندوو بوونی زۆری بە پێ ڕۆیشتن تووشی جەڵدەی دڵ دەبێ و گیانی خۆی لە دەست دەدات.

سەردار ئیبراهیم نەژاد، هاوژینی مێهری لەم پێوەندییەدا دەڵێ: ” لە ڕێگەی ناوبەری تورکیا و یونان هاوژینەکەم بە زۆنەی ماندووبوونی زۆری ڕێگەکە توانای ڕۆیشتنی نەمابوو و ئەو کەسانەی لەم ڕێگەیە هاوسەفەری ئێمە بوون، یارمەتیان نەداین و بە تەنیایان هێشتینەوە و لە کۆتاییدا دڵی هاوژینم ڕاوەستا و لە پێش چاوی خۆم و منداڵەکانم گیانی لە دەست دا.

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: ” پتر لە دوو کاتژمێ تەرمی هاوژینەکەم بە کۆڵەوە بوو و هاوڕێ لە گەڵ دوو کچە منداڵەکەم بە گریانەوە لە دارستانەکانی یۆنان بە پێی ڕۆیشتین تا بە کەسێک گەیشتن و ئەویش پولیسی ئاگادار کردەوە.”

بەڕێز ئیبراهیم نەژاد ئاشکرای دەکات پاش ئاگادار بوونەوەی پۆلیس، هێزەکانی پولیس تەرمی هاوسەرەکەمیان بۆ ساردخاجەی نەخۆشخانەیەک گواستەوە و خۆی و دوو منداڵە بچووکەکەیشیان دەستبەسەر کرد و هەنووکە لە کامپی فلایکۆ ڕاگیراون.

پولیس بە ناوبراوی ڕاگەیاندووە کە، تا کۆتایی خولی 14 ڕۆژەی کەرەنتینە مۆڵەتی دیتنی تەرمی هاوسەرەکەی نییە. یەکێتی ئەورووپا و سیاسەتە دژە پەنابەریەکانی وڵاتانی ئەورووپ کوژرانی دەیان پەنابەری لە ساڵەکانی 2020 و 2021 لێکەوتۆتەوە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *