KMMK:
دووشەممە 3ی جۆزەردانی 2721ی کوردی، “بێهزاد مەحموودی”، پەناخوازی خەڵکی بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەبەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر، بە نیشانەی نارەزایی دەربڕین، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، بەهۆی قووڵیی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی هەولێر گیانی لەدەست دا.
بێهزاد مەحموودی، سێشەممە ٢٨ی گۆڵان، لەبەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر وڵامنەدانەوەی UN بە داخوازییەکانی خۆی سووتاند. ناوبراو لە باشووری کوردستان لە هەموو مافە پەسەندکراوە جیهانیەکان بێبەش بوو و نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ هەوڵێکی بۆ جێبەجێکردنی داخوازی ناوبراو و باقی پەناخوازان نەداوە.
لە یەکەم ڕاگەیاندراوی پزیشکی دا ڕێژەی سووتاویی ئەو پەنابەرە ٩٠ لەسەد ڕاگەیەندرابوو و لە نەخۆشخانە لە ژێر چارەسەری و چاودێری دابوو، بەڵام بە هۆی قووڵی برینەکانی، گیانی لەدەستداوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان.
- مەهاباد؛ هاوڵاتییەک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا
- کاوە حەکیمی بانگھێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرا