KMMK:
دوو زیندانی سیاسی بە ناوەکانی ڕەحمان تابش و ڕەحیم ڕەفعەتی خەڵکی شاری شنۆ پاش کۆتایی مەرەخەسییەکەیان گەڕێنراوە بۆ زیندانی شاری نەغەدە.
بە پێی هەواڵەکە ئەم دوو زیندانییە بە تۆمەتی هاریکاری حیزبە کوردییەکانی دژبەری دەسەڵاتی ئێران هەر کام بە 3 ساڵ و 7 مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون و لە ڕەشەمەی2720ی کوردییەوە لە زیندانی نەغەدە سەرقاڵی کێشانی حوکمەکەیانن و سەرەتای گوڵانی 2721ی کوردی مەرەخەسییان پێدرابوو.
شیاوی باسە کە ئەم هاوڵاتییانە ڕۆژی یەکشەممە 15ی پووشپەڕی 2720ی کوردی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت لە شاری شــنۆ دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە نێردڕابوون بۆ گرتووخانەی ئەمنی حکوومەت لە شاری ورمێ.
جێی بیرهێنانەوەیە ڕەزبەری 2720ی کوردی پاش کۆتایی خولی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.
ئەم دوو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی دووشەممە 18ی ڕەشەمەی 2720ی کوردی، بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی حکوومەت لەنەغەدە کران.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان