ک.م.م.ک:
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی KMMK، ڕۆژی شەممە ٢٩ی پوشپەڕی ٢٧٢٥، درەخشان ڕەحیمی، هاووڵاتییەکی تەمەن 43 ساڵ خەڵکی شاری سنە، پاش سێ مانگ دەستبەسەری لە ناوەندی ئیتلاعاتی ڕژێمی داگیرکەری ئێران بۆ بەشی ژنانی زیندانی ناوەندیی ڕێژیم لەم شارەدا کە بە ناوەندی ئیسلاح و تەربێت (چاکسازی و پەروەردە) ناسراوە، گواسترایەوە.
شایانی باسە ئەو تۆمەتەی کە ئاراستەی کراوە، وەک هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیەندراوە.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، خاتوو ڕەحیمی لە دوای دەستبەسەرکرانیەوە مافی پەیوەندیکردن بە بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و ئێستا دوای گواستنەوەی بۆ زیندان لە ژوورێکی کەرەنتینەدا ڕاگیراوە.
ئەم هاوڵاتیە لەگەڵ دوو براکەی لە شاری سنە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل دەستبەسەر کران. دوای سێ مانگ چارەنووسی دوو براکەی نادیارە و خێزانەکەش بێ ئاگان لە دۆخی ئەوان.
E.Sh


