KMMK:
چوار شەممە 8ی گوڵانی 2721ی کوردی، سومەیە کارگەر خوێندکاری بەشی فەلسەفە لە زانکۆی تەورێز، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ئازاد کرا.
بە پێی راپۆرتەکە: چەند رۆژ پێش دانیشتنی دادگەی ئەم شارۆمەندەی خەڵکی ئیلام، لە بەشی 26ی دادگەی ئینقیلابی شاری تاران، بڕیاری ئازاد کردنی ناوبراو بەرانبەر بە دانانی 500 ملوێن تمەن بارمتە دەر کراو و بنەماڵەی ناوبراو بە زەحمەتێکی زۆر توانیان بارمتەکە رێک بخەن و لە ئاکامدا ناوبراو بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
سومەیە کارگەر لە 25ی رەزبەری ساڵی رابردوو لە ماڵەکەی خۆی لە شاری تاران دەستبەسەر کرا و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناسراو بە بەندی 2 ئەلفی بەندخانەی ئەوین گواسترایەوە پاش تێپەڕاندنی پتر لە 4 مانگ لە مانگی رێبەندان بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازرایەوە.
ناوبراو پێشتر توشی نەخوشیەکی دەگمەنی چاو بوبو و بە ھۆی نەبونی پێڕاگەیشتن و دەرمان و دکتۆری پسپۆڕ، نەخۆشیەکەی پەرەی سەندبوو، ھەروەھا توشی کێشەی گەدە و ھاتنەخوارەوەی زۆری کێش ھاتبوو.
ئەم خوێندکارە بەندکراوەی خەڵکی شاری ئیلام بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی سێ مانگە لە مانی نۆڤەمبێری 2020 ڤیزەی وڵاتی فەڕانسای وەرگرتبوو و بە ھۆی دەستبەسەر بونەکەی لە چارەسەری پزیشکیەکەی دوا کەوت.
دەبێت رای بگەیەنین کە بەرپرسانی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتگەلی پاڵنراو بەم شارۆمەندە کوردەوە تاوانی ئەنتەرنێتی راگەیاندووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان