کوژران و برینداربوونی دوو کۆڵبەر ئەمجارە بە دەستی هێزە سنوورییەکانی تورکیا

KMMK:

سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممە ٢٨ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، (١٧ی مەی ٢٠٢٠ز ) بە تەقەی هێزە سنوورییەکانی تورکیا لە سنووری قوتوور کۆڵبەرێک بە ناوی ” بارام یووسفی” گیانی خۆی لە دەست داوە. هەر لەم پێوەندییەدا کۆڵبەرێکی دیکە بە ناونیشانی ” شەمسەدین عومەرپوور” بریندار بووە.

بە گوێرەی هەواڵەکە: هێزەکانی ژاندارمری تورکیا هەڵیان کوتایە سەر کاروانێکی کۆڵبەر لە سنووری ناوبەری ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان و دایاننە بەر دەسڕێژ کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکە بریندار بوو و بۆ چارەسەری بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری وان گوازراوەتەوە.

شیاوی باسه: دانیشتوانی شارەکانی سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ بژێوی ژیان ناچارن کۆڵبەری بکەن ڕۆژانە بە هۆی سێڵاو، نوقم بوون لە ڕووبار، سەرمابردوویی، تەقینەوەی مین، تەقەی هێزە سنوورییەکانی ئێران یان تەقەی ژاندارمەکانی تورکیا لە ڕێی نان گیانیان بەخت دەکەن.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری KMMK لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بەو هۆکارانەی ناویان لێبرا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هەژماری ئەم دوو ڕووداوەوە ۴۶ کۆڵبەر بریندار و ١۶ کۆڵبەر گیانی خۆیان لە دەست داوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان